هه‌رێم.. ئیمارات وه‌به‌رهێنان له‌بواری نه‌وت‌و کاره‌با ئه‌نجامده‌دات

کۆمپانیایه‌کی ئیماراتی رایده‌گه‌یه‌نێت وه‌به‌رهێنان له‌بواری نه‌وت‌و کاره‌با له‌هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامده‌دات، وه‌کو ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌سه‌رچاوه‌ی سروشتی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. کۆمپانیاکه‌ گه‌شبینی خۆی نیشانده‌دات له‌داهاتودا بتوانێت نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بکات.
زۆرێک له‌و کۆمپانیا نه‌وتیانه‌ی که‌ له‌هه‌رێمی کوردستان کارده‌که‌ن، کۆمپانیای که‌رتی تایبه‌تن، به‌ڵام  کۆمپانیای ئه‌بوزه‌بی نیشتیمانی بۆ وزه‌ ناسراو به‌ (TAQA) کۆمپانیایه‌کی سه‌ر به‌حکومه‌تی ئیماراته‌.
ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی ئیمارات  (وام) بڵاویکرده‌وه‌، کۆمپانیای ئه‌بوزه‌بی نیشتیمانی بۆ وزه‌  له‌کێڵگه‌یه‌کی پارێزگای دهۆک وه‌به‌رهێنان له‌بواری نه‌وت ئه‌نجامده‌دات، که‌ به‌جۆرێک پێشبینیده‌کرێت له‌سه‌ره‌تادا رۆژانه‌ 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مبێنێت. هه‌روه‌ها له‌پارێزگای سلێمانیش وه‌به‌رهێنان له‌بواری کاره‌با ئه‌نجامده‌دات.
کۆمپانیاکه‌ به‌ئاژانسه‌که‌ی راگه‌یاندوه‌ پرۆسه‌کانی هه‌ڵکه‌ندنی کێڵگه‌ی ئه‌تروش له‌پارێزگای دهۆک گه‌یشتۆ‌ته‌ قوڵایی زیاتر له‌ 1800 مه‌تر. جه‌ختیشیکرده‌وه‌ درێژه‌ ده‌ده‌ن به‌ کاره‌ جیۆلۆجیه‌کانی بیره ‌نه‌وتیه‌کانی کێڵگه‌که‌ به‌ئاراسته‌ی رۆژهه‌ڵاتی هه‌ردوو چاڵی هه‌ڵکه‌ندراوی ئه‌تروش1‌و ئه‌تروش2.
کۆمپانیاکه‌ پشکی 53.2% کێڵگه‌ی ئه‌تروشی له‌کۆمپانیای ژه‌نه‌ڕاڵ ئیسکپلۆره‌یشن بارتنرز له‌ساڵی 2012دا کڕیوه‌. ئه‌مساڵ پلانی گه‌شه‌پێدانی پله‌به‌ندی پێشکه‌ش به‌حکومه‌تی هه‌رێم کردوه‌، به‌ڵام هێشتا حکومه‌تی هه‌رێم له‌تاووتوێکردندایه‌.
 کۆمپانیاکه‌ گه‌شبینه‌
لیو کۆت، نوێنه‌ری کۆمپانیاکه‌ له‌عێراق گه‌شبینی خۆی نیشاندا به‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌وره‌ ئه‌نجامبده‌ن له‌هه‌رێمی کوردستان له‌بواری وزه‌دا به‌هۆی کۆمه‌ڵێک هۆکاری گرنگ‌و ده‌گمه‌ن‌و تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌که‌ که‌ دیارترینیان ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌که‌یه‌تی.
لیو کۆت وتی «هه‌رێمی کوردستان سامانێکی سروشتی زۆری تێدایه‌، به‌ڵام ژێرخانی ئابوری لاوازه‌«. ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد ده‌ستی کاری ناوخۆیی له‌کێڵگه‌ نه‌وتیه‌کاندا که‌من، سه‌ره‌ڕای بونی هه‌لێکی باش له‌م بواره‌دا.
هه‌روه‌ها وتی کۆمپانیای (TAQA) هه‌ستاوه‌ به‌دانانی پلانێک بۆ گه‌شه‌پێدانی کێڵگه‌که‌و راده‌ستی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی کردوه‌، که‌ هێشتا گفتوگۆ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی پلانه‌که‌ ده‌کرێت.
هیواشی خواست حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ره‌زامه‌ندی نیشانبدات له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی ئه‌و پلانه‌ له‌کێڵگه‌ی ئه‌تروش‌و هه‌روه‌ها سودوه‌رگرتن لێی وه‌کو ئه‌زمونێک بۆئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌کانی تری کوردستان جێبه‌جێبکرێت.
 پێشبینیه‌کان
لیو  کۆت پێشبینیکرد حکومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕێت له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی پلانه‌که‌یان، رونیشیکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌کی پله‌به‌ندی کار له‌کێڵگه‌که‌ ده‌که‌ن‌و رونیشیکرده‌وه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌ به‌رهه‌مهێنانی 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێکدا ده‌ستپێده‌که‌ن‌و دواتر هه‌وڵی زیادکردنی ده‌ده‌ن بۆ ئاستێکی به‌زرتر.
کۆت وتیشی ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ دوای گه‌یشتن به‌قۆناغی به‌رهه‌مهێنان نه‌وتی کێڵگه‌که‌ هه‌نارده‌ی بازاڕه‌کانی جیهان بکه‌ن، وتی «ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی هێڵه‌ نه‌وتیه‌کانی عێراقه‌وه‌بێت یان له‌ڕێگه‌ی تره‌وه‌« به‌بێئه‌وه‌ی رونیبکاته‌وه‌ «رێگای تر» مه‌به‌ستی کام رێگایه‌.
 هۆکاره‌کان
کۆت له‌باره‌ی ئه‌و هۆکارانه‌وه‌ قسه‌یکرد که‌ هانی داون له‌هه‌رێمی کوردستاندا کاربکه‌ن‌و رونیکرده‌وه‌ که‌ کۆمپانیای (TAQA) له‌ساڵی 2011ه‌وه‌ ستراتیژێکی گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ باشکردنی کاره‌کانیان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و باکوری ئه‌فه‌ریقا، «له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌ستده‌که‌ین ئه‌م ناوچه‌یه‌ نمونه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی چالاکیه‌کانمان».
وتیشی کارکردن له‌هه‌رێمی کوردستان وه‌کو به‌شێکی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێگه‌یان باشتر ده‌کات له‌ناوچه‌که‌، هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌ره‌تادا پشکیان له‌کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس کڕیوه‌، که‌ ئه‌و کۆمپانیایه‌ له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان زۆرترین پشکی هه‌یه‌. وتیشی دوای کڕینی ئه‌و پشکه‌ چانسی ئه‌وه‌یان هه‌بوه‌ له‌کێڵگه‌ی ئه‌تروش کاری وه‌به‌رهێنان بکه‌ن.
کۆت خواستی کۆمپانیاکه‌ی نیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م تواناکانی خۆی بۆ هه‌لی وه‌به‌رهێنان له‌عێراق‌و هه‌رێمی کوردستان به‌کاربێنێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد ساڵی رابردوو رێککه‌وتنی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای «ماس گلۆبال ئینفستمن» له‌وێستگه‌ی کاره‌بای سلێمانی ئه‌نجامداوه‌ به‌ئامانجی به‌رزکردنه‌وه‌ی وزه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وێستگه‌که‌ که‌ له‌ئێستادا 750 مێگاواته‌ بۆئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نێته‌ 1000 مێگاوات.
 چانسی وه‌به‌رهێنانی تر
سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵی وه‌به‌رهێنانی تر له‌پاڵ ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنان لبواری نه‌وتدا؛ لیو کۆت نوێنه‌ری کۆمپانیای  (TAQA) له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد که‌ هه‌لێکی زۆری وه‌به‌رهێنان «باش» هه‌ن له‌کێڵگه‌ی ئه‌تروش.
رونیشیکرده‌وه‌ پاش گه‌شه‌پێدانی کێڵگه‌که‌و گه‌یشتن به‌قۆناغی به‌رهه‌مهێنان، ئه‌و غازه‌ی که‌ له‌گێڵگه‌که‌دا دروستده‌بێت، ئه‌یگۆڕین بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی کاره‌باو هه‌روه‌ها ئه‌و گۆگرده‌ش که‌ له‌وێدا ده‌ستده‌که‌وێت وه‌کو په‌ینیی کیمیایی به‌کارده‌هێنرێن.
هه‌روه‌ها وتی ئه‌م کارانه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستاندا به‌هاوبه‌شی ئه‌نجامیبده‌ن یان هه‌ر هاوبه‌شێکی تر بۆ ئه‌وه‌ی گۆگردی به‌ده‌ستهاتوی کێڵگه‌که‌ به‌شێوازێکی تر به‌کاربهێنرێـته‌وه‌.
لیو کۆت باسی له‌وه‌شکرد که‌ ئه‌و کاره‌بایه‌ی له‌ کێلگه‌که‌دا به‌رهه‌می ده‌هێنن، ئه‌گه‌ربێت‌و زۆربێت ئه‌وا ده‌توانن به‌رکایبێنن بۆ پرۆسه‌ی خاوێنکردنه‌وه‌ی ئاوی ناوچه‌که‌ له‌ خوێ‌و ماده‌ کیمیایه‌کانی تر، بۆئه‌وه‌ی ئاوی پاکی شیاوی خواردنه‌وه‌ دابینبکه‌ن بۆناوچه‌که‌.
کۆمپانیای ئه‌بوزه‌بی نیشتیمانی بۆ وزه‌ ناسراو به‌ (TAQA)، کۆمپانیایه‌کی حکومیه‌و باره‌گاکه‌ی له‌ ئه‌بو زه‌بی پایته‌ختی ئیماراته‌.