” پێویستە كرێی كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم له‌بودجه‌ی عێراقدا جێیگەی بكرێتەوە “

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوایكردووه‌، قه‌رزی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا كارده‌كه‌ن، له‌پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی (2014)ی عێراقدا جێگه‌ی بكرێته‌وه‌، كه‌ زیاتر له‌چوار ملیار دۆلاره‌.
(نه‌جیبه‌ نه‌جیب) به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، داوای له‌حكومه‌تی عێراق كردووه‌، قه‌رزی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت له‌هه‌رێمدا، له‌بودجه‌ی گشتی ساڵی داهاتووی عێراقدا جێگه‌ بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان گرفتی پێشوو بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت‌و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم دروست نه‌بێت، وتیشی:”له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی پلاندانان‌و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌هه‌وڵی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی (2014)ی عێراقدان‌و ته‌واو نه‌كراوه‌”.
به‌هۆی نه‌دانی پاره‌ی كۆمپانیاكانی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان كرد، به‌ڵام دوای چه‌ند مانگێك له‌بایكۆتكردن، (نوری مالكی) سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێری كرد‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم‌و به‌غدا ئاسایی بوونه‌وه‌‌و حه‌وت لیژنه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا پێكهێنران.