لەچواچێوەی دیدارێكیدا لەگەڵ سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند هەوڵدەدەن سلێمانی بكەنە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی لە ناوچەكەدا و تەئكیدی كردووە كە وەك حكومەتی هەرێم دەیانەوێت هەموو مەرزەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ببنە خاڵی سنوری رەسمی.
ئەمڕۆ 4ی ئەیلول، بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی چاویكەوت بە ئاغای مەحبوبی نەژاد سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و وەفدێكی یاوەری.
لەدیدارێكدا پارێزگاری سلێمانی و كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لابردنی رێگرییەكان گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەر دوو لایان تاوتوێ كرد بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانیدا.
لەدیدارەكەدا سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران وێرای دەربڕینی سوپاسگوزاری لە پارێزگاری سلێمانی لە بەرامبەر هەوڵەكانیدا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو لا وتی: ئێمە شانازی دەكەین بە دۆستەكانمان لە هەرێمی كوردستان و ئێمە سیاسەتمان بەرامبەر هەرێمی كوردستان وعیراق نەگۆراوەو و ئێمە پشتیوانی لە گەشەسەندنی سیاسی و باشتركردنی بارودۆخی ئەمنی و ئاوەدانكردنەوە دەكەین لەعیراقدا.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران روونكردنەوە لەماوەی رابردوودا لەگەڵ بازرگانان و كۆمپانیاكانی ئێران لە سلێمانی كۆبوونەوەی ئەنجامداوەو چەندین تێبینی و سەرنجی لا گەڵاڵە بووە لەبارەی ئەو گرفتانەی دێنە بەردەم پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ، تەئكیدی كردەوە هەندێك رێگری هەیە پێویستیان بەچارەسەرەو سوربوونی خۆی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی حكومەتی هەرێم دووپاتكردەوە
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند بەپێی رێكەوتنامەكانی لێگەیشتنی نێوان هەردوو لا لەهەوڵی لادانی ئەو رێگریانەدا كە دێنە پێش بۆ پەیوەندییەكانی هەردوو لا بە تایبەت لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا و تەئكیدی كردووە هەر گرفتێك هەبێت چارەسەری دەكەن.
وتیشی: ئێمە دەمانەوێت سلێمانی بكەینە ناوەندێكی بازرگانی گەوەرە لەناوچەكەدا و بۆیە پێویستمان بە رێكخستنێكی باشی خاڵە سنورییەكان و پەیوەندییە ئابوری و بازرگانیەكەنمانە لە گەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.
روونیشی كردەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كار كراوە بۆ بە رەسمی ناساندنی ژمارەیەك لە خاڵی سنوری نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو پێداویستی ئەو مەرزانە تەواو كراوەو تەنیا چاوەروانی رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عیراقین بۆ كردنەوەیان
لەو رووەشەوە پارێزگار وتی: دەمانەوێت خاڵە سنورییەكانمان رەسمی بن بۆ ئەوەی خەڵك لە گرتنەبەری رێگەی قاچاغ دوور بكەونەوەو سەرقاڵی كاری بازرگانی بن لە سنورەكاندا.