به‌رنامه‌كانی فێستیڤاڵی هه‌ولێر بۆ بازاڕ كردن

بڕیاربوو 1-9 دووه‌مین فێستیڤاڵی هه‌ولێر بۆ بازاڕكردن ده‌ستپێبكات، به‌ڵام دواخرا بۆ سبەینێ‌ واتە رۆژی 4 ی ئه‌م مانگه‌ و فێستیڤاڵه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی مانگێك به‌رده‌وام ده‌بێت، كه‌ چه‌ندین بڕگه‌ی جۆراو جۆری له‌خۆگرتووه‌.
سیروان تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری به‌بازاڕكردن له‌ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌ PUKmedia ی راگه‌یاندوە: سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی فێستیڤاڵی هه‌ولێر بۆ بازاڕكردن ته‌واو بوون، بڕیاربوو ئه‌مڕۆ 1-9 فێستیڤاڵه‌كه‌ ئه‌نجامبده‌ین به‌ڵام به‌هۆی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌مان بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك دواخست و بڕیاره‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 4-9 فێستیڤاڵه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی له‌ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا زۆرترین هاووڵاتیان و گه‌شتیاران ئاماده‌ببن.
وتیشی: ئه‌م فێستیڤاڵه‌ له‌چه‌ندین بڕگه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌، له‌وانه‌ش پێدانی دیاری بۆ ئه‌و هاووڵاتی و گه‌شتیارانه‌ی رۆژانه‌ سه‌ردانی مۆڵه‌ گه‌وره‌كانی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، كه‌ رۆژانه‌ به‌بڕی یه‌ك ملیۆن دۆلار دیاری ده‌به‌خشرێت كه‌ له‌رێگه‌ی بلیتێكه‌وه‌ ده‌بێت له‌كاتی سه‌ردانیان بۆ مۆڵه‌كان بلیته‌كه‌یان پێده‌درێت و دواتر له‌رێگه‌ی تیرو پشكه‌وه‌ خه‌ڵاته‌كان به‌سه‌ر ئه‌و كڕیارانه‌دا دابه‌شده‌كرێت سه‌ردانی مۆڵه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌فتانه‌ش ئۆتۆمبیلێكی گرانبه‌ها له‌رێی تیروپشكه‌وه‌ بۆ كه‌سێك ده‌رده‌چێت.
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو: بڕگه‌یه‌كی تری فێستیڤاڵی هه‌ولێر بۆ بازاڕكردن فاشنی كوردیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی سێ كۆنسێرتی خێزانی له‌ رۆژانی (12_9) و (19_9) و (3_10)، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و دوو كۆنسێرته‌ی كه‌ یه‌كێكیان له‌كاتی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ و ئه‌وی تریان شه‌وی دیاری كردنی شاجوان ئه‌نجام ده‌درێن.
بڕگه‌یه‌كی تری ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ئه‌نجامدانی پێشبڕكێیه‌كه‌ له‌نێوان هونه‌رمه‌ندان و فۆتۆگرافه‌ران كه‌ تیایدا خاوه‌نی جوانترین وێنه‌ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كوردستان خه‌ڵات ده‌كرێت، له‌م فێستیڤاڵه‌دا منداڵان بێبه‌ش نه‌كراون و رۆژانه‌ بۆماوه‌ی مانگێك چه‌ندین یاری جۆراو جۆر بۆ منداڵان ئاماده‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ سه‌عات 6:30 خوله‌ك بۆ 8 ی شه‌و ستافێكی 30 كه‌سیمان ئاماده‌كردووه‌ بۆ پێشوازی له‌منداڵان تا كاتێكی خۆش به‌سه‌ر به‌رن.
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌بازاڕكردن له‌ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ چه‌ندین بڕگه‌ له‌خۆده‌گرێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ته‌نها یه‌ك برگه‌یان ده‌خه‌نه‌روو كه‌ ئه‌ویش بڕگه‌ی ده‌ست نیشانكردنی شاجوانی كوردستانه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌فێستیڤاڵه‌كه‌دا كۆتا بڕگه‌یه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، تاكوئێستا 55 كچ ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌ بۆبه‌شداری كردن له‌پێشبڕكێی شاجوانی كوردستان دوامۆڵه‌تیش بۆ ناونوسینی كچان بۆئه‌م پێشبڕكێیه‌ رۆژی 5-9 ده‌بێت، له‌ رۆژی 12-9 شدا ئه‌و خانمانه‌ ده‌ست نیشانده‌كرێن كه‌ ده‌چنه‌ فیناڵه‌وه‌ واته‌ له‌و 55 خانمه‌ی ناوی خۆیان نوسیوه‌ 15 یان ده‌چنه‌ فیناڵه‌وه‌.