به‌شێك له‌كۆمپانیاكانی گه‌شتكردن هاووڵاتیان بێزار ده‌كه‌ن

خه‌ریكه‌ گه‌شتگردن له‌كوردستانه‌وه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌، ئه‌مه‌ش بۆ دونیا بینی‌‌و چێژ وه‌رگرتن له‌پشووی‌ هاوینه‌و هاوكات كات به‌سه‌ربردن له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات‌و بینینی‌ شوێنه‌واری وڵاتان‌و لێواری‌ ده‌ریاو كه‌ناره‌كانه‌. به‌جۆرێك كۆمپانیاكانی‌ بردنی خه‌ڵك به‌گروپ روو له‌زیادبوونه‌و خه‌ڵكێكی زۆریش روو له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ده‌كه‌ن. ئه‌زموونی‌ ئێمه‌ش به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دیكه‌ له‌بواری‌ گه‌شتیاریدا هێشتا پێنه‌گه‌یشتووه‌، بۆیه‌ كه‌موكوڕی‌ زۆر هه‌یه‌. له‌لایه‌ك كۆمپانیاكانی‌ فڕۆكه‌وانی‌و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ كه‌گه‌شتیارانی‌ هه‌رێم ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ تائێستا رێنمایی‌‌و یاسایه‌كی تایبه‌ت نییه‌ بۆ تۆماركردنی كۆمپانیاكان‌و سزادانیان به‌شێوه‌یه‌ك گونجاوبێت له‌گه‌ڵ سه‌رپێچییه‌كانیاندا.
دیكیۆمێنت له‌نێوانیاندا نییه‌
به‌به‌رده‌وامی كێشه‌ی‌ ئه‌و گروپانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌شێك له‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ به‌گروپ گه‌شتیاران ده‌به‌ن، ریكلامی زۆر سه‌رنجڕاكێش ده‌كه‌ن، كه‌چی گه‌شته‌كانیان پێچه‌وانه‌ی‌ ریكلام‌و بانگه‌شه‌كانیانه‌، تائێستاش به‌هۆی‌ ئه‌و سه‌رپێچییانه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ مۆڵه‌تی‌ كاركردنیان لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ یان خراونه‌ته‌ لیستی‌ ره‌شه‌وه‌، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ چه‌ند گه‌شتیارێك ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ له‌دژیان گیراوه‌ته‌به‌ر، كه‌متره‌ له‌وه‌ی‌ پێویسته‌ له‌دژیان بگیرێته‌به‌ر، به‌وپێیه‌ی‌ داخستنی‌ كۆمپانیاكه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌ت كه‌مه‌و پێویسته‌ سزای‌ دارایی‌ زۆری به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت‌و قه‌ره‌بووی‌ گه‌شتیارانیش بكرێته‌وه‌.
یه‌كێك له‌كێشه‌ گه‌وره‌كانی‌ هه‌ر گه‌شتیارێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكاندا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌هیچ رێككه‌وتنێكی نوسراو نییه‌، واته‌ كۆنتراكتی گه‌شتكردن، بۆئه‌وه‌ی‌ گه‌شتیار هه‌ر گله‌یی‌‌و كێشه‌یه‌كی هه‌بوو، كه‌هاته‌وه‌ بۆ كوردستان، داوا له‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌ تۆماربكات، حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش كۆمپانیاكانی‌ پابه‌ند نه‌كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ گه‌شتیاراندا بكات، وه‌ك دیكۆمێنتێك بۆ هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر گه‌شتیاراندا.
له‌وڵاتانی جیهاندا له‌ڕێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ هه‌موو ئیشوكارێكی گه‌شتكردن راده‌په‌ڕێنرێ، واته‌ ئاسانكارییه‌كی زۆرو نرخێكی زۆر هه‌رزانتر هه‌یه‌، له‌ڕێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ نرخی گه‌شته‌كه‌ت‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ گه‌شته‌كه‌ت له‌گواستنه‌وه‌و نانخواردن‌و هاتوچۆو هه‌موو ورده‌كارییه‌كی روونكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ڕێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ كۆنتراكتی گه‌شته‌كه‌ت ده‌بڕیت‌و پاره‌كه‌یش ده‌خه‌یته‌ سه‌ر حیسابی كۆمپانیای‌ گه‌شتیار، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ڕێگه‌ی‌ ئیمه‌یلێكه‌وه‌ ورده‌كاریی رێككه‌وتنه‌كه‌ت‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانت بۆ ره‌وانه‌ ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر روبه‌ڕووی‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك بوویت، وه‌ك دیكۆمێنتێكی ره‌سمیی‌ به‌كاریبهێنیت، كۆمپانیاش ناتوانێت هیچ فێڵێك یان سه‌رپێچییه‌ك بكات، چونكه‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌ڕوونی‌ شیكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستاندا هه‌یه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌وتۆ ناداته‌ ده‌ست.
ته‌نیا ریكلام‌و بانگه‌شه‌بوون
شوان كاكه‌ كه‌ناوێكی خوزراوه‌و پێی باش نه‌بوو ناوی راسته‌قینه‌ی بهێنین، روونیكرده‌وه‌، بڕیاربوو له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی گه‌شتوگوزاردا به‌پاس گه‌شت بكه‌ن بۆ شاری ئه‌سته‌نبول‌و ئه‌نتالیا، كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كه‌ پێیان وتون كه‌پاسه‌كان مۆدێلی‌ (2013)ن‌و ساردكه‌ره‌وه‌ی‌ تێدایه‌، هوتێله‌كانیش چوار ئه‌ستێره‌ییه‌، شوێنه‌ گه‌شتیاری‌و شوێنه‌وارییه‌كانیشیان پێده‌كه‌ن، كه‌چی واده‌رنه‌چوو.
به‌قسه‌ی‌ ئه‌و گه‌شتیاره‌، ئه‌وان بڕی‌ (550) دۆلاریان داوه‌ته‌ كۆمپانیاكه‌، كه‌چی ئه‌و پاسه‌ی‌ ئه‌وانی‌ به‌ره‌و توركیا گواستۆته‌وه‌ مۆدێلی كۆن بووه‌و ساردكه‌ره‌وه‌ی‌ تێدا نه‌بووه‌، كه‌ له‌سنووریش په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ چه‌ند سه‌عاتێك له‌سلۆپی ئه‌وانیان به‌مینی‌ پاس گوێزاوه‌ته‌وه‌، نه‌ك پاسی مۆدێل 2013 !.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێیان وتوون كه‌ماوه‌ی گه‌یشتنیان بۆ شاری ئه‌سته‌نبول (15) سه‌عاته‌، به‌ڵام ئه‌وان ماوه‌ی 24 سه‌عات له‌ناو پاسدا بوون، وتیشی:»بڕیاربوو هوتێله‌كه‌مان چوار ئه‌ستێره‌بێت، كه‌چی هوتێله‌كه‌ خراپ‌و ناخۆش بوو». روونیشیكرده‌وه‌، كۆمپانیاكه‌ وه‌رگێڕی نه‌بوو، بۆیه‌ له‌سه‌ردانیكردنی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كاندا هیچ تێنه‌ده‌گه‌یشتن.
فێڵكردن له‌گه‌شتیاران
هاوكات كاروان عه‌لی‌ كه‌یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌گه‌شتیاره‌كان، باسی له‌نه‌هامه‌تی گه‌شتكردنه‌كه‌ی بۆ توركیا كردو روونیكرده‌وه‌، بڕی 600 دۆلاریان لێوه‌رگرتووه‌ بۆ حه‌وت شه‌و مانه‌وه‌، به‌ڵام به‌ئۆتۆمبێلێك براون كه‌ ساردكه‌ره‌وه‌ی تێدا نه‌بووه‌، «خه‌ریك بوو له‌گه‌رما بخنكێین».
ئه‌و هاووڵاتییه‌ وتی:»كه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌سته‌نبول سه‌عات 2ی‌ شه‌و بوو، زۆر ماندووبووین كه‌چی شه‌وه‌كه‌یان له‌سه‌ر حیسابكردین، دواتر كاتێك چووین بۆ ئه‌نتالیا له‌بری‌ هۆتێلی چوار ئه‌ستێره‌، ئێمه‌یان برده‌ شوققه‌، كه‌ له‌خراپترین شوێنی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بوو، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی‌ زۆری‌ دروستكردو خه‌ریك بوو ببێته‌ شه‌ڕ له‌نێوان گه‌شتیاران‌و رێبه‌ری‌ كۆمپانیاكه‌دا.
كاروان زۆر نیگه‌ران بوو له‌گه‌شته‌كه‌و وتی‌:»كاتێك ده‌چووین بۆ شوێنێكی گه‌شتیاری، رێبه‌ره‌كه‌ به‌ئێمه‌ی‌ ده‌وت بلیتی چوونه‌ ژووره‌وه‌ یان سه‌ركه‌وتن بۆ ناو به‌له‌م به‌ 70 لیره‌ی‌ توركییه‌، كه‌چی پرسیارمان كرد به‌ 25 لیره‌ بوو، چونكه‌ زمانی توركیمان نه‌ده‌زانی».
ئه‌وانه‌ كێشه‌ی شه‌خسیین
رۆژنامه‌نووس ره‌وه‌ست نه‌وزاد كه‌پێشتر له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی‌ گه‌شتیاریی له‌هه‌رێمی كوردستاندا گه‌شتی كردبوو، هه‌مان چیرۆكی ئه‌و دوو گه‌شتیاره‌ی‌ گێڕایه‌وه‌، كه‌ به‌ر له‌سه‌فه‌ره‌كه‌ پێیانوتوون به‌پاسی مۆدیل به‌رزو له‌هۆتێلی چوار ئه‌ستێره‌و گه‌ڕانی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان پێده‌كه‌ن، كه‌چی هیچ كام له‌و مواسه‌فاتانه‌ ده‌رنه‌چوون‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ گه‌شته‌كه‌یان بۆخۆشی بێت، لێیان ببووه‌ ده‌رده‌سه‌ری‌‌و كێشه‌.
كارمه‌ندێكی دیاری كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاریش كه‌نه‌یویست ناوی بهێنین‌و ئاماده‌ش نه‌بوو هیچ ناونیشانێكی خاوه‌نی‌ كۆمپانیاكه‌مان پێ‌ بڵێت، ئه‌م قسانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌و وتی‌:»ئه‌وه‌ی‌ وتراوه‌ كێشه‌ی‌ شه‌خسییه‌و ئه‌وان گرفتیان نییه‌».
سیستمێك بۆ گه‌شتوگوزار ئاماده‌ ده‌كرێت
هاوكات نادر رۆستی وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به‌كوردستانی‌ نوێی‌ راگه‌یاند، ئه‌وان له‌ئاماده‌كاری ره‌شنووسی سیستمێكن بۆ رێكخستن‌و تۆماركردنی كه‌رتی‌ گه‌شتیاریی له‌كوردستاندا، «ئێمه‌ هانی خه‌ڵكی خۆمان ناده‌ین گه‌شت بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاریی له‌هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ینه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ داهاتی‌ هه‌رێمی كوردستان».
وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم روونیكرده‌وه‌، كۆمپانیاكانی‌ گه‌شتكردن لای خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن‌و ئه‌وكاته‌ به‌پێی‌ رێوشوێنێكی نوێ‌ واده‌كه‌ن كۆمپانیاكان تۆماربكه‌ن‌و وتی‌:»به‌جۆرێك كار ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌ك لای‌ ئێمه‌ به‌پێی‌ ئه‌م سیستمه‌ تۆمار نه‌كرابێت، ئه‌وا له‌بازگه‌كان رێگه‌یان لێده‌گرین بۆئه‌وه‌ی‌ گه‌شت نه‌كه‌ن».
سزادانی كۆمپانیاكان
به‌وته‌ی نادر رۆستی، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ سه‌رپێچی كردووه‌ لای ئه‌وان ناونووس كرابێت، ئه‌وه‌ گه‌شتیاران ده‌توانن رێوشوێنی‌ له‌دژدا بگرنه‌به‌ر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لای‌ ئه‌وان ناونووس نه‌كرابێت، پێده‌چێت زه‌حمه‌ت بێت.
سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ كه‌سه‌رپێچیان كردووه‌و سزادراون له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی‌ گه‌شتوگوزاره‌وه‌، وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتیی گه‌شتوگوزار ئاشكرایكرد، ئه‌و ژماره‌یه‌ لای‌ ئه‌وان نییه‌، به‌ڵكو لای‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانه‌، وتیشی:»باهاووڵاتیان سكاڵا تۆمار بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی‌ رێوشوێن له‌دژی‌ كۆمپانیا سه‌رپێچیكاره‌كان بگیرێته‌به‌ر».
 
كوردستانی نوێ‌