(43) هه‌زار تۆن گه‌نمی‌ سلێمانی‌ گوازراوه‌ته‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سایلۆی‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، تاوه‌كو ئێستا له‌كۆی‌ (143) هه‌زار تۆن گه‌نم، نزیكه‌ی‌ (43) هه‌زار تۆنیان ڕه‌وانه‌ی‌ ئاشه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراق كردووه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، ئه‌و گه‌نمه‌ی‌ له‌گۆڕه‌پانه‌كاندا ماوه‌، به‌چادر داده‌پۆشرێت له‌پێناو پاراستنی‌ له‌ته‌ڕبوون به‌هۆی‌ بارانبارینه‌وه‌.
(جه‌مال ئیسماعیل) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سایلۆی‌ سلێمانی‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ڕابردووه‌وه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌گواستنه‌وه‌ی‌ گه‌نمی‌ سایلۆكان، تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی‌ (43) هه‌زار تۆن گه‌نم گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئاشه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و پارێزگاكانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراق، وتیشی‌:”نزیكه‌ی‌ (100) هه‌زار تۆن گه‌نم له‌گۆڕه‌پانه‌كاندا ماوه‌‌و پێشبینی ده‌كرێت له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگی‌ داهاتوودا، ئه‌و بڕه‌ گه‌نمه‌ش ڕه‌وانه‌ی‌ ئاشه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراق بكرێت”.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سایلۆی‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، نوسراوێكیان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، كه‌ ده‌بێت له‌ڕۆژی‌ (پێنج)ی‌ ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستبكه‌ن به‌داپۆشینی‌ ئه‌و گه‌نمه‌ی‌ له‌گۆڕه‌پانه‌كاندا ماوه‌، له‌پێناو پاراستنی‌ له‌ته‌ڕبوون به‌هۆی‌ بارانبارینه‌وه‌، تاوه‌كو كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ گه‌نمه‌كه‌.
له‌مساڵدا له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان، (143) هه‌زار تۆن گه‌نم له‌جوتیاران وه‌رگیراوه‌، بڕیاریشه‌ له‌ماوه‌ی‌ داهاتوودا ته‌واوی‌ ئه‌و بڕه‌ گه‌نمه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ ئاشه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراق بكرێت.