ئێران نیوەی داهاتی نەوتەكەی زیانی پێدەگات

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لەسەر زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ئێران لە دەرەنجامی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان، نزیكەی نیوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت بەدەستناهێنێتەوە و ئەو بڕە پارەیە لە بانكەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتە دانراون.
بەپێی ئەو هەواڵە، بەراوردەكانی حكومەتی ئەمریكا نیشاندەری ئەوەن، كە ئێران ناچار بووە مانگانە چاوپۆشی لە نزیكەی یەك ملیار و نیو  دۆلار داهاتی نەوتی وڵاتەكەی بكات. ئەوە لە كاتێكدایە رێژەی داهاتی گشتی ئێران لە فرۆشتنی نەوت، مانگانەی سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە.
گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بووەتە هۆی ئەوەی لە سەدا 44 -ی داهاتی نەوتی ئێران لە بانكەكانی دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە و نەتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هیوادارە بەو فشارانەی دەخرێتە سەر ئێران، ئەو وڵاتە ناچار بكات ئاشتبوونەوەی ناچاری بكات لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی. 
بەپێی ئەو گەمارۆیانەی، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر ئێرانی داناوە، ئەو وڵاتانەی كڕیاری نەوتی ئێرانن، ناچاركراون هاوردەكردنی نەوتی لەو وڵاتە كەمبكەنەوە و ناشتوانن پارەی ئەو نەوتەی كڕیویانە، بیدەنە كۆماری ئیسلامی ئێران، لەبەر ئەوەی بێبەش دەبەن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
ئێران تاوەکو كۆتایی ساڵی 2011 رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، كە ئەو رێژەیە ئێستا گەیشتووەتە 1 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
بە پێی راپۆرتی رێكخراوی ئۆپێك، هەناردەكردنی نەوتی ئێران بەرێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە و ریزبەندی ئێران لە پلەی 2 لەو رێكخراوە دابەزیوە بۆ پلەی 5، ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە، كە وڵاتی ئێران رۆژ لەدوای رۆژ قەیرانی ئابووری زۆرتری بۆ پێشبینی دەكرێت.