كۆریا بەنیازە پرۆژەكەی توركیا تەواو دەكات

دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێكی ئیمارات لەبارەی وزە لە توركیا، ئەنقەرە روو لە كۆریای باشوور دەكات ‌و دانووستانەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە چڕكردووەتەوە لەبارەی پرۆژەی خەڵوزو وزە.
تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی حكومەتی توركیا، ئاماژەی بەوە داوە “پاش ئەو دواخستن‌و راگرتنی پرۆژەكەی ئەبو زەبی، ئەنقەرە گفتوگۆی ئابووری لەگەڵ سیئۆل ئەنجامداوەو بەنیازە لەجیاتی ئیمارات ئەو وڵاتە ئەنجامی بدات”.
كۆمپانیای گەڕان بەدوای نەوت‌و بەرهەمهێنانی كارەبا كە حكومەتی ئەبوزەبی سەرپەرشتی دەكات لە كانونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ توركیا رێكەوت چەندین وێستگەی كارەبا لەرێگەی خەڵوزەوە دروستبكات.
ئەو پرۆژەی ئیمارات لەناوچەی ئەڤشینی توركیا بووەو لە سەرەتای ئەم هەفتەیەش پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە راگیرا.
سەرچاوەیەك لەكەرتی وزەی توركی بە ئاژانسی رویتەرزی راگەیاندووە كە كۆمپانیا ئیماراتییەكە بەنیازە بەیەكجاریی لەو پرۆژەیە بكشێتەوە.
قەبارەی ئەو پرۆژەیەش دەگاتە 12 ملیار دۆلاری ئەمریكی‌ و هۆكاری ئەو راگرتنەش بۆ هەڵوێستە سیاسییەكانی حكومەتی ئەنقەرە دەگەڕێنەوە كەپشتگیری لە گر‌ووپی ئیخوانەكانی میسر دەكات.