لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و ئاڵۆزبوونی رەوشی ناوچەكەو ئەگەری ئەنجامدانی كردەیەكی سەربازی دژی هێزەكانی رژێمی ئەسەد، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 112 دۆلار بەرزبووەوە، بەمەش گرانترین نرخی لەماوەی 6 مانگی رابردوودا تۆماركرد.
هاوكات گرێبەستەكانی نەوتی خاوی ئەمریكی لە مانگی ئۆكتۆبەر 1.27 دۆلارزیادیكردووە، بەمەش نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ 106.95دۆلار بەرزبووەوە، رۆژی پێشتر بەڕێژەی 0.5 دابەزی بوو.
جولیان جیسوب، بەرپرس لە كاپیتال ئیكۆنۆمیكس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند “سووریا بەرهەمهێنەرێكی گەورەی نەوت نییە وەكو لیبیا، هەروەها خاڵێكی سەرەكیش نییە بۆ تێپەڕبوونی بەرهەمە نەوتی و غازییەكان وەكو میسر، بەڵام مەترسی هەیە دەستتێوەردانی وڵاتانی رۆژئاوا لە كاروباری سووریا ببێتە هۆی ململانێیەكی هەرێمی بەرفراوان.
لەلایەكی دیكەوە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ (2013) تاوەكو ئێستا زێڕ گرانترین نرخی خۆی تۆماركردووەو نرخی یەك ئۆنسە گەیشتووەتە 1412,30دۆلار.
نرخی دۆلارو پشكەكانی ئەورووپیش دابەزیون، بەڵام نرخی زیو وەكو خۆیەتی و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. پلاتینیش 3.0 بەرزبووەتەوە واتە نرخی یەك ئۆئۆنسەی پلاتین 1544,99 دۆلارە.
مادەی ئاسنیش لەماوەی مانگی نیسانی رابردوو گەیشتە 1552,50 دۆلار، مادەی بلادیۆمیش وەك خۆیەتی و نرخی یەك ئۆنسە بە 744,39 دۆلارە.