بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەروازە سنوورییەكانی عێراق داهاتی 7 مانگی رابردووی ئاشكراكرد، كە زیاترە لە 200 ملیار دینار.
عیسام ساڵح حلو، بەڕێوەبەری گشتیی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، رایگەیاند: لەماوەی كانوونی دووەمەوە تاوەكو 31 تەمموزی رابردوو ملیۆنێك و 466 هەزارو 503 كەس لە رێگای دەروازەكانی زەمینی و ئاسمانییەوە هاتوونەتە نێو عێراق و لە بەرامبەریشدا ملیۆنێك و 650 هەزار كەس گەشتی دەرەوەیان كردووە.
هەر لەماوەی 7 مانگی رابردوو بە گوتەی حلو، 22 هەزارو 315 تانكەر سووتەمەنی هاتوونەتە ناو عێراق و 11 هەزارو 972 تانكەریش لە عێراقەوە دەرچوون.
بەڕێوەبەری گشتیی دەروازە سنوورییەكانی عێراق گوتیشی “بەڕێوبەرایەتی گشتیی دەروازەكان لەو ماوەیەدا زیاتر لە 200 ملیار دینار داهاتی هەبووە”. ئەمەش دەكاتە 155 ملیۆن و 720 هەزار دۆلاری ئەمریكی.
سەبارەت بە مەرجی كوالێتی كۆنترۆڵ لەسەر ئەو كاڵایانەی هاوردە دەكرێن، عیسام حلو ئاماژەی بەوەكرد، كە هەر لەو ماوەیەدا 2551 كارتۆن كەرەستەی خۆراكی جۆراوجۆری ماوە بەسەرچوو رەتكراونەتەوە. هەروەها بەهۆی نەبوونی كوالێتی بەرز و هەبوونی كەموكورتی لە مامەڵەكانیاندا، 225 باری كەرەستەی جۆراوجۆر گەڕێنراونەتەوە.