توركیا بە نهێنی هاتووەتە ناو پیشەسازی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە

ماڵپەری ئۆیڵ پرایسی تایبەت بە نەوت و غاز لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات كە توركیا بە هێواشی و بە نهێنی پێگەی خۆی لە پیشەسازی نەوتی هەرێمی كوردستاندا بەهێز دەكات.
توركیا بۆ ئەوەی گرێدراویی خۆی بە غازی رووسیا و ئێرانەوە كەمبكاتەوە و لەژێر گوشاری ئەو وڵاتانە رزگاری بێت، هێواش هێواش دێتە ناو پیشەسازی نەوتی كوردستان.
لە ستراتیژێكی نوێدا كە بەغدا زۆر تووڕە دەكات، بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان، توركیا لە چەند مانگی رابردوودا، كۆمپانیایەكی نەوتی نوێی دامەزراندووە كە حكومەتی ئەو وڵاتە پشتگیری لێدەكات.
پشكدارانی ئەو كۆمپانیا نوێیە، كۆمپانیای نەوتی حكومیی توركیا TPIC و كۆمپانیای Botasی نیشتمانی توركیان كە لە كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا چالاكن و هاوبەشن لەگەڵ كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی.
قەیرانی كەمیی وزە لە توركیا پەرەی سەندووەو ئەو وڵاتە زۆر لاوازبووە لەبەرامبەر هەر رووداوێكی دەرەكی و هەر شۆكێك كە نرخی نەوت و غاز دروستی دەكات.
پێویستی توركیا بە وزە، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، هەر بۆیە بەچڕی هەوڵ دەدات نرخی هاوردەكردنی وزە كەمبكاتەوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆمپانیای TPIC بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند “كاتێك تۆ ئەو كەموكورتییە زۆرەت لە وزە هەبێت و ئەو سەرچاوە گەورەیە دروست لەوبەری سنوورەوە هەبێ، ناهێڵیت نە بەغدا و نەهیچ لایەكی دیكە رێگری بكەن لە وەبەرهێنانت لەو شوێنە”.
پێویستی توركیا بە وزە وایكردووە كە ئەنقەرە مەترسییەكانی گرژبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا قەبوڵ بكات كە هەردەم وەبەرهێنەرە دەرەكییەكان ئاگادار دەكاتەوە لە كاركردنیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، چونكە ترسی ئەوەی هەیە بە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان، عێراق بەرەو دابەشبوون بڕوات.
د.هاوڕێ مەنسوربەگ، مامۆستای زانكۆ و شارەزای نەوت لە بارەی گۆڕینی روانگەی توركیا سەبارەت بە هەرێمی كوردستان دەڵێت “پێویستی توركیا بە وزە هۆكاری سەرەكی بووە لەوەی كە ئەو وڵاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە لوتكەی ئاڵوزییەوە بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانییەكی ستراتیژی درێژخایەن”.
د.هاوڕێ پێیوایە، سەرچاوەكانی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەكرێ ببەسترێنەوە بە پرۆژەكانی گواستنەوەی نەوت و غاز كە بە خاكی توركیادا تێدەپەڕن و نەوتی وڵاتانی كەناری دەریای قەزوین دەگوازنەوە بۆ ئەوروپا.
لەلایەكی دیكەوە، توركیا بەشدارە لە پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی راستەوخۆی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و بەستنەوەی بە هێڵی نەوتی كەركووك جەیهان. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ رەچاوی بەغدا نەكات لەو داهاتەی كە بەدەستی دێنێ.
لە ساڵی 2012دا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەكردنی نەوتی بۆ توركیا لە رێگەی هێڵی نەوتی عێراق توركیا راگرت بەهۆی ناكۆكییەكانی لەسەر پێدانی مافی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی سەركار لە كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی ماڵپەری ئۆیل پرایس، بە تەواوبوونی هێڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، دەتوانرێ رۆژانە 200 هەزار بەرمیل راستەوخۆ رەوانەی توركیا بكرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت مەبەستی هەرێمی كوردستان لە دامەزراندنی هێڵی نەوتی راستەوخۆ بۆ توركیا بەدەستهێنانی سەربەخۆییە لە بەغدا.
بەپێی دوایین راپۆرتی كۆمپانیای DNO كە هاوبەشە لەگەڵ كۆمپانیای توركی – ئینگلیزی گەنەل ئێنێرجی لە كێڵگەی تاوكێ، تەواوبوونی ئەو هێڵە تەنیا چەند كیلۆمەترێكی كەمی ماوەو نزیك بووەتەوە لە سنووری توركیا لەو شوێنەی كە نەوت بە تانكەر بەرەو توركیا بەڕێدەكرێت.
نیكۆلا ئاتێنسیۆ، بەڕێوەبەری گشتی كارەكانی كۆمپانیای DNO لە كوردستان بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند، هێڵەكەی هەرێمی كوردستان تەنیا چەند سەد مەترێكی ماوە بۆ وێستگەی پەمپاژی پێشخابوور كە پێنج كیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە.
ئەو كاتەی هێڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەگاتە پێشخابوور، دەبێ چاوەڕوان بكرێ ئایا هەر لەوێ دەبەسترێتەوە بە هێڵی كەركووك جەیهان یان بەرەو سنوور دەڕوات و بە تێپەڕاندنی، لە ناو خاكی توركیادا پێیەوە گرێدەدرێ.
ئەوە لە كاتێكدایە كە هێڵی نەوتی كەركووك جەیهان لەمساڵدا، بە وتەی بەرپرسانی عێراقی 38 جار تەقێندراوەتەوەو هەناردەی نەوت لەو رێگەیەوە زۆر جار پەكیكەوتووەو لەم مانگەدا دابەزیوە بۆ 180 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
هاتنەناوەوەی توركیا بەهێواشی بۆ نێو پیشەسازی نەوتی هەرێمی كوردستان، هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هەوڵەكانی ئاشتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لەو وڵاتەدا كە بە درێژایی 30 ساڵی رابردوو، كێشەی سەرەكی ئەو وڵاتە بووە.
روداو