قه‌رزی (100) موچه‌یی به‌فه‌رمانبه‌ران، كه له‌لایه‌ن هه‌ردوو بانكی ڕه‌شیدو ڕافیده‌ینی عێراقه‌وه ده‌درێته فه‌رمانبه‌ران، هه‌رێمی كوردستان ناگرێته‌وه، چونكه تا ئێستا ئه‌و دوو بانكه به‌شی خۆیان له‌هه‌رێمی كوردستاندا نه‌كردووه‌ته‌وه.
(دلێر تارق نامق) وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی‌و ئابوری هه‌رێمی كوردستان به NNA ڕاگه‌یاندوە، قه‌رزی (100) موچه‌یی به‌فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن هه‌ردوو بانكی ڕه‌شیدو ڕافیده‌ین كه سه‌ر به‌بانكی ناوه‌ندی عێراقن، زیاتر له (70) ملیار دۆلار پاره‌ی یه‌ده‌كی هه‌یه ده‌درێت، پێشتر وه‌زیری دارایی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌كردنه‌وه‌ی لقی ئه‌و دوو بانكه له‌هه‌رێمی كوردستاندا كرد، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتییانو فه‌رمانبه‌رانی كوردستانیش هاوشێوه‌ی فهرمانبهرانو هاوڵاتییانی عێراق سودمه‌ندبن له‌وه‌رگرتنی ئه‌و قه‌رزه، به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ به‌غدا له‌كردنه‌وه‌ی لقی ئه‌و دوو بانكه له‌هه‌رێمدا پاشگه‌زبووه‌وه، وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمیش تا ئێستا چه‌ند جارێك به‌نوسراوی فه‌رمی داوای له‌وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كردووه، لقی ئه‌و دوو بانكه له‌كوردستاندا بكاته‌وه، هه‌ركاتێكیش شاندی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدای كردبێت، كردنه‌وه‌ی لقی ئه‌و دوو بانكه ته‌وه‌رێكی گفتوگۆكان بووه، به‌ڵام تا ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق به‌فه‌رمی وه‌ڵامی داوای وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی نه‌داوه‌ته‌وه.
(دلێر تارق نامق) وتیشی:”هه‌ردوو بانكی ڕه‌شیدو ڕافیده‌ین سه‌ر به‌بانكی ناوه‌ندی عێراقن، ئه‌و قه‌زه (100) موچه‌یه‌ی ده‌یده‌نه فه‌رمانبه‌ران، له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌یدا، سوودی له (8%)ی ده‌خرێته سه‌ر، ئه‌گه‌ر له‌كوردستانیشدا لقی ئه‌و دوو بانكه بكه‌نه‌وه، ده‌توانن هه‌مان سود له‌هاوڵاتییانی هه‌رێم وه‌ربگرنه‌وه. وه‌زاره‌تی دارایش لایخۆیه‌وه به‌ڵێنی دابینكردنی بینا، كارمهندو هه‌موو پێداویستیه‌كان ده‌دات، هاوكات وه‌زاره‌ت كه‌فاله‌تی هاوڵاتییان ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ی ئه‌و دوو بانكه”.