داهاتی‌ 6 مانگی‌ رابردوی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم 50 ملیار دینار بوه‌”

له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا، له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ 120 هه‌زار شۆفێر غه‌رامه‌ی‌ خێرا لێخوڕینیان بۆ كراوه‌‌و له‌ناو شاری‌ هه‌ولێریش 85 هه‌زار شۆفێر، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت “داهاتی‌ شه‌ش مانگی‌ رابردوی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم 50 ملیار دینار بوه‌”.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم لیوا رزگار عه‌لی‌ بە ئاوێنهی راگەیاندوە‌، له‌شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م ساڵدا نزیكه‌ی‌50 ملیار دینار داهاتی‌ هاتوچۆی‌ جۆراوجۆریان هه‌بوه‌، به‌پێی‌ هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ش  پشكی‌ شێری‌ ئه‌و داهاتانه‌ هی‌ كامێره‌كانی‌ چاودێریی‌ خێرایی‌ لێخوڕین بوه‌.
هه‌مو ئه‌و غه‌رامانه‌ش كه‌ له‌شۆفێران وه‌رده‌گیرێت، به‌پێی‌ یاسای‌ هاتوچۆی‌ ژماره‌ 86ی‌ ساڵی‌ 2004 ده‌بێت، لیوا رزگار جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌مو غه‌رامه‌كانیان به‌پێی‌ بڕیاری‌ په‌رله‌مان دیاریكراوه‌، هه‌ر له‌و یاسایه‌شدا رێگه‌ به‌وه‌زیری‌ ناوخۆ دراوه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ دارایی‌ ده‌ستكاری‌ بڕ‌و جۆری‌ غه‌رامه‌كان بكه‌ن، ئه‌و نایشارێته‌وه‌ كه‌ بۆ غه‌رامه‌ی‌ خێرایی‌ لێخۆڕین ده‌ستكاری‌ یاساكه‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای‌ به‌شێك له‌هاوڵاتیان‌و هه‌ندێ‌ رێكخراوی‌ بواری‌ هاتوچۆ بوه‌. ئه‌و ده‌ڵێت “هه‌ندێ‌ له‌هاوڵاتیان پێیانده‌وتین، هیچ ره‌وا نییه‌ شۆفێرێك 5 كیۆمه‌تر زیاد بڕوات‌و شۆفێرێكی‌ تریش 50كلیۆمه‌تر زیاد بڕوات وه‌كو یه‌ك غه‌رامه‌ بكرێن”.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم هێما به‌وه‌ش ده‌كات، زیادكردنی‌ غه‌رامه‌ی‌ خێرایی‌ لێخوڕین ته‌نها له‌پێناو پاراستنی‌ شۆفێران‌و هاوڵاتیانه‌‌و ده‌ڵێت “بۆمانده‌ركه‌وتوه‌، له‌70% هۆكاری‌ روداوه‌كانی‌ هاتوچۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌خێرایی‌ لێخوڕینه‌وه‌ هه‌یه‌”.
لیوا رزگار ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌رو كه‌ له‌50%ی‌ سه‌رجه‌م داهاته‌كانیان، بۆ حكومه‌ت‌و له‌50% كه‌ی‌ تریشی‌ بۆ په‌ره‌پێدانی‌ هاتوچۆ خه‌رج ده‌كرێت.
 ناوبراو ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ دانانی‌ كامێره‌ به‌جێگری‌ له‌شه‌قامه‌كاندا پرۆژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌و بودجه‌یه‌كی‌ زۆری‌ ده‌وێت، بۆیه‌ وتی‌ “دانانی‌ كامێره‌ به‌جێگری‌ كارێكی‌ زۆر باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ته‌نها به‌ئێمه‌ ناكرێت، چونكه‌ بودجه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌وێت، بۆیه‌ باشتره‌ بدرێته‌ كۆمپانیایه‌كی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ ئه‌و بواره‌”.
داهاته‌كانی‌ هاتوچۆ به‌ته‌نها له‌غه‌رامه‌كردنی‌ شۆفێراندا كورتنابێته‌وه‌، به‌ڵكو وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ عه‌مید محه‌مه‌د تاهیر له‌لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، چه‌ندین جۆری‌ داهاتی‌ تریان هه‌یه‌ وه‌ك داهاتی‌ تۆماركردنی‌ ئۆتۆمبیل بۆ یه‌كه‌مین جار یاخود ته‌حویلكردنی‌ ئۆتۆمبیل له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی‌ تر‌و چه‌ندین داهاتی‌ تریش.
له‌باره‌ی‌ ئاشكرانه‌كردنی‌ داهاتی‌ غه‌رامه‌ی‌ كامێره‌كانی‌ چاودێری‌ خێرایی‌ لێخوڕین، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد، ئاشكراكردنی‌ ئه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌واندا نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ ئیشی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆیه‌”.
ئه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ ساڵی‌ رابردو پرسیاری‌ داهاته‌كانیان له‌به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ هه‌رێم لیوا رزگار كردوه‌ ئه‌ویش، بۆ ته‌نها مانگێك باسی‌ له‌نزیكه‌ی‌ 10ملیار دینار كردوه‌. عه‌مید محه‌مه‌د تاهیر ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌رو كه‌ له‌و 50%ی‌ داهاته‌كان كه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی‌ هاتوچۆ ته‌رخانكراوه‌، چه‌ندین كاری‌ گرنگیان پێكردوه‌ له‌وانه‌: “ره‌نگرێژكردنی‌ رێگا‌وبانه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌، تائێستا به‌درێژایی‌ زیاتر له‌160كیلۆمه‌تر ره‌نگكراوه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌رنامه‌ماندایه‌، ئه‌مساڵ هه‌مو رێگا‌وبانه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ ره‌نگ بكه‌ین، به‌شێوازی‌ ئه‌ندازه‌ی‌ هاتوچۆ”.
به‌پێی‌ وته‌ی‌ به‌رپرسی‌ راگه‌یاندنی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ سه‌لامه‌تی‌ هاتوچۆ، خالید عومه‌ر له‌شه‌ش مانگی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا ته‌نها له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ نزیكه‌ی‌ 120هه‌زار شۆفێر غه‌رامه‌ی‌ خێرا لێخوڕینیان بۆ كراوه‌‌و له‌ناو شاری‌ هه‌ولێریش نزیكه‌ی‌ 85 هه‌زار شۆفێر ئه‌و جۆره‌ غه‌رامه‌یان بۆ كراوه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ سه‌لامه‌تی‌ هاتوچۆ جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ غه‌رامه‌ی‌ خێرایی‌ لێخوڕین له‌شه‌قامێكدا له‌شۆفێر وه‌ربگیرێت، كه‌ تابلۆی‌ ئاگاداركردنه‌وه‌‌و چه‌ندێتی‌ خێرایی‌ لێخوڕینه‌كه‌ دیاریكراوبێت‌و كامێره‌كانیش به‌ئاشكرا دابنرێن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ “ئه‌و گله‌ییه‌ی‌ به‌شێك له‌شۆفێرانیش نه‌مێنێ‌، كه‌ ده‌ڵێن كامێرای‌ شاراوه‌یه‌، نه‌ك كامێرای‌ چاودێریی‌ خێرایی‌ لێخوڕین”.
به‌رپرسی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌و  رێكخراوی‌ هاتوچۆیه‌، وای‌ به‌باش ده‌زانێ‌ كه‌ زیادكردنی‌ غه‌رامی‌ كامێره‌كان به‌بڕیاری‌ په‌رله‌مان بوایه‌، نه‌ك لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیداری‌ هاتوچۆ. ئه‌و وتیشی‌ “دانانی‌ كامێره‌ی‌ چاودێریی‌ كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام نابێت هاتوچۆ به‌تاكه‌ چاره‌سه‌ر بزانرێ‌، چونكه‌ ده‌بینین غه‌رامه‌ی‌ خێرایی‌ لێخوڕین زیادیكردوه‌، به‌ڵام روداوه‌كانیش به‌و جۆره‌ كه‌میان نه‌كردوه‌”.