عه‌بدولحسێن عه‌بتان: پێویستە بایەخ بە بەندەری فاو بدرێت

ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ مواتن داوا له‌حكومه‌تی‌ عێراق ده‌كات، له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵی‌ داهاتوودا، بودجه‌ی‌ زیاتر بۆ پرۆژه‌ی‌ به‌نده‌ری‌ فاوی‌ گه‌وره‌ ته‌رخان بكات.
(عه‌بدولحسێن عه‌بتان) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ مواتن له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی‌ (فورات نیوز) ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، هه‌فته‌ی‌ ڕابردوو به‌مه‌به‌ستی‌ له‌نزیكه‌وه‌ به‌ئاگابوون له‌پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌، به‌تایبه‌تی‌ چۆنێتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كاره‌كانی‌ پرۆژه‌ی‌ دروستكردنی‌ به‌نده‌ری‌ فاوی‌ گه‌وره‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كان، به‌های‌ تێچووی‌ پرۆژه‌كه‌ زیاتر له‌پێنج ملیار دۆلاره‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ی‌ كرد، ده‌ركه‌وت كه‌ كاركردن له‌پرۆژه‌كه‌دا زۆر به‌هێواشی‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌به‌رامبه‌ردا پرۆژه‌ی‌ به‌نده‌ری‌ موباره‌كی‌ كوه‌یتی‌، كه‌ نزیكه‌ له‌به‌نده‌ری‌ فاوی‌ گه‌وره‌، كاركردن تێیدا زۆر به‌باشی‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ئیستادا (46%)ی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ته‌واوبووه‌، كاركردنیش له‌و پرۆژه‌یه‌دا به‌رده‌وامه‌.
(عه‌بدولحسێن عه‌بتان) داواشی‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراق كرد، له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵی‌ داهاتوودا، بودجه‌یه‌كی‌ یه‌ك ملیار دۆلاری‌ دیكه‌ بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ته‌رخانبكات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاركردن له‌پرۆژه‌ی‌ فاوی‌ گه‌وره‌دا نه‌وه‌ستێت‌و له‌كاتی‌ خۆیدا ته‌واوبكرێت.