تەندەری پرۆژەی رێگەی سەد مەتری كرایەوە

بە ئامادەبوونی خەسرەو كەمال بریكاری وەزارەتی شارەوانی و  یوسف یاسین سەرۆكی شارەوانی سلێمانی  بەرێوەبەری گشتی شارەوانییەكان و  رێگەوبانی سلێمانی  راوێژكاری ئەندازیاری پارێزگاری سلێمانی، نوێنەری ژمارەیەك لە كۆمپانیای ناوخۆی و بیانی  پرۆسەی كردنەوەی تەندەری جێ‌ بەجێ‌ كردنی رێگەی 100 مەتری سلێمانی بەرێوەچوو
ئەندازیار سدیق موشیر راوێژكاری بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لەو رووە رایگەیاند: پێشتر فۆڕمی pre qualification ی پرۆژەی رێگەی سەد مەتری لەلایەن ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆی و بیانیەوە كڕدرابوو، پاش گەراندنەوەی فۆڕمەكان هەڵسەنگاندن بۆ كۆمپانیاكان كراو (14) كۆمپانیا دەست نیشانكران بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی پرۆژەكە ئەمرۆش پرۆسەی كردنەوەی تەندەرەكان بۆ ئەو 14 كۆمپانیا بەرێوەچوو
راوێژكاری پارێزگار وتیشی: پرۆسەی كردنەوەی تەندەری رێگەی سەد مەتری دەسپێكی جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی ئەو پرۆژەیە كە بڕی تێچوونەكەی بە 500 ملیارد دینار دیاریكراوەو حكومەتی هەرێم سندوقێكی تایبەتی بۆ كردووتەوە بە چەند قۆناغێكی جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت.
پرۆژەی رێگەی سەد مەتری سلێمانی پرۆژەیەكی ستراتیژی  بواری رێگەوبانی سلێمانییەو  رێگەكە بەشێوەیەكی بازنەی بەچواردەوری سلێمانیدا درێژ دەبێتەوە.
ئەندازیار خەسرەو كەمال بریكاری وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش لەبارەی پرۆژەكەوە رایگەیاند: ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژیەكانی سلێمانی  كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی كێشەی هاتووچۆ لە سلێمانی  قۆناغی یەكەمی پرۆژەكەش لە تاسلوجەوە دەست پێدەكات بۆ نزیك شارۆچەكەی عەربەت.
بریكاری وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری هەرێم وتیشی: پرۆژەكە بە كوالێتی ستاندارد و جیهانی دروست دەكرێت و لەچاو ئەو پرۆژانەی تا ئێستادا دروستكراون  لەئاستێكی بەرزی كوالێتیدا دەبێت.