شاره‌زوور: كۆمپانیایه‌كی‌ جوانكاری‌ پاره‌ی‌ دوكانداره‌كان ده‌بات و هه‌ڵدێت

كۆمپانیایه‌كی‌ جێبه‌جێكاری‌ پڕۆژه‌ی‌ جوانكاری‌ بۆ دوكانه‌كانی‌ شاره‌زوور، پاره‌ی‌ دوكانداره‌كان ده‌بات و هه‌ڵدێت و سه‌رۆكی‌ شاره‌وانیش رایگه‌یاند: ‌كاره‌كه‌ خۆیان پێی‌ هه‌ستاون و هه‌ر خۆشیان به‌رپرسیارن.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ شاره‌زور سه‌رجه‌م دوكانداره‌كانی‌ قه‌زاكه‌ ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ جوانكاری‌ بۆ روكاری‌ دوكانه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، له‌سه‌ر ئه‌و داواكاریه‌ش دوكانداره‌كان به‌ پاره‌ی‌ خۆیان ئه‌ركه‌كه‌ به‌ كۆمپانیایه‌ك ده‌سپێرن و ئه‌و كۆمپانیایه‌ش پاره‌ی‌ دوكانداره‌كان ده‌بات و هه‌ڵدێت.
له‌و باره‌یه‌وه‌، (حه‌سه‌ن حسێن) سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ شاره‌زور، رایگه‌یاند: راسته‌ به‌ نوسراوێكی‌ فه‌رمی‌ دوكانداره‌كانمان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ كه‌ جوانكاری‌ بۆ روكاری‌ دوكانه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام له‌دوای‌ ئه‌وه‌وه‌ كاری‌ ئێمه‌ نه‌بوه‌ و خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌دا گرێبه‌ستیان ئه‌نجام داوه‌ كه‌ بۆ سه‌رجه‌م روكاری‌ دوكانه‌كان جوانكاری‌ ئه‌نجام بدات.
یه‌كێك له‌و دوكاندارانه‌، باسی‌ له‌وه‌كرد: له‌ هه‌ر دوكانێك بڕی‌ 225 دۆلار وه‌رگیراوه‌ و نزیكه‌ی‌ شه‌ش مانگ به‌ سه‌ر ته‌واو نه‌كردنی‌ پڕۆژه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت، شاره‌وانی‌ شاره‌زور به‌ نوسراوی‌ فه‌رمی‌ ناچاری‌ كردین جوانكاری‌ بۆ روكاری‌ دوكانه‌كان بكه‌ین ئێستاش ئه‌و گروپه‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ ده‌كرد هه‌ڵاتوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان لێپێچینه‌وه‌ بكه‌ن.
سه‌باره‌ن به‌ بردنی‌ پاره‌ی‌ دوكانداره‌كان له‌لاین ئه‌و گروپه‌وه‌: سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی شاره‌زوور، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد: ‌كاره‌كه‌ خۆیان پێی‌ هه‌ستاون، ئێستاش گروپه‌كه‌ هه‌ڵاتوه‌ و رۆشتوه‌ ئه‌وان خۆیان به‌رپرسیارن.
 سبه‌ی‌