لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی مەدا پرێس نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی گشتی عیراقی بە یاسای سزادان لەسەر هەرێمی كوردستان وەسفكرد بەوپێیەی هەرێمی كوردستان سێ جەنگی سیاسی دەكات تا بودجەی هەرێمی دەستدەكەوێت، ئەوانیش لە پەرلەمانی كوردستان و لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە پرسارێك وەڵامی ئاژانسەكەی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە: هیچ كێشەیەكی یاسایی و دەستووری هەیە لە دۆسیەی نەوتدا؟ یان شێوازی بیركردنەوەی حكومەتی ناوەندی لەبارەی بابەتەكەوە كێشەی هەیە؟ وتیشی: لە كوردستان نزیكەی 54 كۆمپانیای نەوتی بیانی هەن كار لە كێڵگە نەوتییەكاندا دەكەن و چەند كۆمپانیایەكی گەورە و ناسراوی بواری نەوتیان تێدایە هەر یەكێك لەو كۆمپانیایانە سوپایەك لە پارێزەر و پسپۆڕی یاساییان لەسەر ئاستی جیهان هەیە، ئەگەر هەستیان بەوە بكردایە كە تێگەیشتنی دەستووری هەرێم بۆ پرسی نەوت روبەڕووی كێشەی یاسایی دەبێتەوە، خۆیان لە كارێكی ناسایی نزیك نەدەكردەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕاشیگەیاند: نەوتی زاخۆ یان بەسرە موڵكی هەموو گەلی عیراقەو ئەوەش هیچ ناكۆكییەكی لەبارەوە نیە، بەڵام دەستوور ئەو مافەی داوە بە كوردستان سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەو كۆمپانیایانە بكات كە لە بوارەكەدا كار دەكەن و گرێبەستیان لەگەڵدا ئەنجامبدات هاوكات نێچرڤان بارزانی بەرپرسیارێتی دەركردنی یاسای نەوت و گازی خستە ئەستۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و وتی: مالكی بە تەنیا كەمتەرخەم نیە سەبارەت بە دەركردنی یاسای نەوت، ئەنجومەنی نوێنەرانیش كەمتەرخەمە.