راوێژكارێكی حكومەتی عێراق بۆ كاروباری وزە رایگەیاند عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی خوولی داهاتووی سەرۆكایەتی رێكخراوی ئۆپیك دەدات، هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند كە سوورە لەسەر كاندیدكردنی سامر غەزبان بۆ سەرۆكایەتی ئۆپیك.
حەمزە جەواهیری، راوێژكاری حكومەتی عێراق بۆ كاروباری وزە رایگەیاند: “عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی خوولی داهاتووی سەرۆكایەتی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) دەدات و هەر بۆ ئەو مەبەستەش لەهەوڵی بەدەستهێنانی رەزامەندی وڵاتانی ئەندامە لەئۆپیك”.
جەواهیری ئاماژەی بەوەدا هەموو وڵاتانی ئەندامی ئۆپیك وەك یەك مافی سەرۆكایەتیكردنی رێكخراوەكەیان هەیەو بەدەستهێنانی ئەو پۆستە كاریگەری ئەرێنی زۆری دەبێ بۆ عێراق.
لەبەیاننامەیەكدا عاسیم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: “عێراق سەرۆكایەتیكردنی خوولی داهاتووی سەرۆكایەتی ئۆپیك بەمافی رەوای خۆی دەزانێ، هاوكات سوورە لەسەر كاندیدكردنی سامر غەزبان بۆ سەرۆكایەتی ئەو رێكخراوە”.
بەپێی گوتەكانی عاسم جیهاد وەزارەت لەچاوەروانی گرێدانی كۆبوونەوەی تایبەتی ئۆپیكە بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی داهاتووی ئەو رێكخراوە كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێ، هەر ئەوكاتیش هەوڵەكانی چڕتر دەكات بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی رێكخراوەكە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو سامر غەزبان كاندیدی عێراق بۆ سەرۆكایەتی ئۆپیك گونجاوترین و شیاوترین كاندیدە بۆ سەرۆكایەتیكردنی ئۆپیك.