كوردستان به‌ره‌و پیشه‌سازیی په‌تاته‌ ‌

په‌تاته‌ وه‌ك یه‌كێك له‌خۆراكه‌ گرنگه‌كان‌و به‌هۆی ئه‌و به‌ها خۆراكیانه‌ی كه‌تێیدایه‌، له‌زۆربه‌ی وڵاتاندا بۆته‌ خۆراكێكی سه‌ره‌كیی رۆژانه‌ی خه‌ڵك‌و له‌لایه‌ن بازاڕیشه‌وه‌ گرنگی تایبه‌تی پێده‌درێت. لای خۆشمان له‌ئێستادا په‌تاته‌ بۆته‌ یه‌كێك له‌خۆراكه‌ گرنگه‌كان‌و هاووڵاتیان به‌چه‌ندین شێوه‌ به‌كاریده‌هێنن.
پاڵپشتییه‌كانی حكومه‌ت
نه‌ریمان تۆفیق تاهیر راوێژكاری كشتوكاڵی له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم، باسی له‌سه‌ره‌تاكانی چاندنی به‌رهه‌می په‌تاته‌ی كرد له‌كوردستاندا، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار‌و له‌ساڵی 2008دا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووبه‌رێكی كه‌می (85) دۆنم زه‌وی كشتووكاڵی ده‌ستی پێكردو تائێستاش ساڵ به‌ساڵ به‌رده‌وامن.
ئاو و خاكی كوردستان گه‌لێك له‌باره‌ بۆ چاندنی به‌رهه‌می په‌تاته‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌ریمان تۆفیق وتی:»ئاو و خاكه‌كه‌مان یه‌كجار له‌باره‌ بۆ ئه‌م به‌رهه‌مه،‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌هه‌وڵی زیاتر گه‌شه‌پێكردن‌و زیادكردنی به‌رهه‌می په‌تاته‌دایه‌، ئه‌وه‌ش به‌چه‌ندین رێگاو به‌ به‌كارهێنانی ئامێری پێشكه‌وتوو و هێنانی ته‌قاوی له‌وڵاتانی وه‌ك هۆڵه‌نده‌و فه‌ره‌نساو ئینگلته‌راوە، كه‌ له‌وڵاته‌ هه‌ره‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی په‌تاته‌ن‌و به‌سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو داده‌نرێن. له‌گه‌ڵ پێدانی قه‌رزی كشتوكاڵی كه‌ بڕه‌كه‌ی 500 ملیۆن دیناره‌ بۆ هه‌ر جووتیارێك».
به‌رهه‌می په‌تاته‌ له‌چوار ساڵی رابردوودا
دابه‌شكردنی ته‌قاویه‌كان ته‌نیا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتووكاڵه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكو ئه‌و راوێژكاره‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه‌ به‌شێكی دابه‌شكردنه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌بێت‌و به‌شه‌كه‌ی تریش له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌كرێت. وتیشی:»ئه‌مه‌ش رۆڵی گرنگ ده‌گێڕێت بۆ زیادكردنی به‌رهه‌مه‌كانی په‌تاته‌، ئه‌وه‌تا له‌ساڵی 2009دا به‌رهه‌می په‌تاته‌ 11 هه‌زارو 865 تۆن بووه‌، له‌ساڵی 2010شدا ژماره‌كه‌ بووه‌ به‌ 28 هه‌زارو 224 تۆن، هاوكات له‌ساڵی 2011دا ژماره‌كه‌ بۆ 61 هه‌زارو 238 تۆن به‌رزبۆته‌وه‌، بۆ ساڵی 2012ش كۆی به‌رهه‌می په‌تاته‌ له‌كوردستاندا بریتی بووه‌ له‌بڕی 80 هه‌زارو 623 تۆن. پێشبینیش ده‌كرێت بۆ ئه‌مساڵ به‌رهه‌می په‌تاته‌ زیاتربێت له‌بڕی 80 هه‌زار تۆن.
ئه‌و پاڵپشتییه‌ی كه‌ حكومه‌ت پێشكه‌ش به‌جووتیارانی ده‌كات، بۆ هه‌ریه‌ك له‌ساڵه‌كانی 2012‌و 2011، (75%) بووه‌، به‌ڵام ساڵی پار توانرا ته‌نها (40%)ی پاڵپشتیی جووتیاران بكرێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ساڵ به‌ساڵ رووبه‌ر زیاد ده‌كات‌و بودجه‌كه‌ش به‌شی ئه‌وه‌ ناكات.
دروستكردنی عه‌مبار بۆ هه‌ڵگرتنی په‌تاته‌
ئێستا كه‌ به‌رهه‌می په‌تاته‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ هه‌ره‌ باشه‌كانی كوردستان، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو حكومه‌تی هه‌رێم بیری له‌هه‌ڵگرتن‌و عه‌مباركردنی په‌تاته‌ كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ 12 عه‌مبار بۆ هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانی دهۆك‌و هه‌ولێر دروستكراون دانه‌یه‌كیش له‌گه‌رمیان له‌جێبه‌جێكردندایه‌، بڕیاریشه‌ له‌سلێمانی عه‌مبارێكی تر دروست بكرێت كه‌ ده‌توانرێت تاساڵی داهاتوو به‌رهه‌می په‌تاته‌ هه‌ڵبگیرێن‌و هه‌ندێك جاریش عه‌مباره‌كان بۆ هه‌ڵگرتنی ته‌قاویه‌كان به‌كارده‌هیێنرێن. راوێژكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ باسی له‌ویستی خۆیان كرد، بۆئه‌وه‌ی له‌ساڵانی داهاتوودا چیدی ته‌قاوی نەهێنن، به‌ڵكو پشت به‌عه‌مباره‌كانی خۆیان ببه‌ستن‌و ته‌نیا (سوپه‌ر ئیلیت) هاورده‌ بكه‌ن، كه‌ جۆرێكی گرنگه‌و ده‌توانێت ته‌قاوی به‌رهه‌م بهێنێت.
نه‌ریمان تۆفیق وتیشی:»له‌مه‌ودوا دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌هێنانی به‌رهه‌می په‌تاته‌ نابێت، بۆیه‌ ئێستا گومرگه‌كانمان به‌ڕووی هێنانی په‌تاتەدا داخستووه‌و ئه‌گه‌ر بشكرێته‌وه‌، ئه‌وا پێشنیازمان كردووه‌ كه‌ گومرگی له‌سه‌ر دابنرێت، چونكه‌ ئێستا به‌هۆی زۆری به‌رهه‌مه‌كانمانه‌وه‌ نرخی په‌تاته‌ بۆته‌ 600 دینار، ئه‌وه‌ش به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات كه‌ بیر له‌پیشه‌سازیی په‌تاته‌ بكه‌ینه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئێستا كارگه‌یه‌ك له‌به‌حركه‌ بۆ دروستكردنی جپسی په‌تاته‌ دروستكراوه‌و ئاماده‌یه‌ ساڵانه‌ 15 هه‌زار تۆن په‌تاته‌ وه‌ربگرێت.
رووبه‌ری په‌تاته‌ له‌كوردستاندا
رووبه‌ری چاندنی په‌تاته‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌مشێوه‌یه‌یه‌: (76%)ی له‌سنووری شاری دهۆكه‌، (18%)ی له‌هه‌ولێر، (4%)ی له‌سنووری شاری سلێمانی‌و (2%)یش له‌سنووری گه‌رمیانه‌. ئه‌مه‌ش به‌نده‌ به‌پسپۆڕیی ئه‌و جووتیارانه‌ی كه‌ ساڵانێكه‌ كاری چاندنی په‌تاته‌ ده‌كه‌ن.
ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ئاوه‌دانی كێڵگه‌كانی په‌تاته‌ له‌كوردستاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، په‌یڕه‌وكردنی شێوازی پرژاندن‌و دڵۆپاندنه‌. له‌وچوارچێوه‌یه‌دا نه‌ریمان تۆفیق وتی:»ده‌مانه‌وێت له‌مه‌ودوا ته‌نیا شێوازی دڵۆپاندن په‌یڕه‌و بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ئاوه‌ ته‌نیا په‌تاته‌كه‌ سوودی لێوه‌ربگرێت‌و به‌فیڕۆ نه‌چێت، چونكه‌ جاران به‌شێوازی جۆگه‌ ئاو ده‌درا ئه‌وه‌ش ده‌بووه‌ هۆی به‌فیڕۆچوونی بڕێكی زۆر له‌ئاو».
كوردستانی نوێ‌