جگە لە جموجۆڵی بازگانی و كاری وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، ئێستا لە عێراقدا بازاڕی بۆرسە گەشەیەكی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، زۆرێكیش لە كۆمپانیا عێراقییەكان چوونەتە نێو ئەم بازاڕە نوێیەوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ستانداردێك بۆ نرخی پشكەكانی هیچ كۆمپانیایەك دابنرێت، چونكە بازارەكە هەم كارێكی نوێیەو هەم بەها و نرخ و چەندێتی پشكەكانی كۆمپانیاكان هێشتا جێگیر نەبوون.
لە سەرەتای مانگی ئایاری رابردووەوە تا ئێستا، وەك تێكڕای رۆژانە، ئەو پشكانەی لە ئاڵووێردا بوون لە بۆرسەكانی عێراق، ژمارەیان گەیشتۆتە (19 ملیار و 367 ملیۆن پشك)، پشك و تێكڕای بەهای ئەم گۆرینەوانەش رۆژانە دەگاتە (21 ملیار و 152 ملیۆن) دینار، ژمارەی رێككەوتنەكان لە رۆژێكدا دەگەنە (2374) رێككەوتن، هەر لەو ماوەیەدا (26) كۆمپانیا لە كۆی (73)، بەهای پشكەكانیان بەرزبۆتەوە و (19) كۆمپانیاش پشكەكانیان بە جێگیری وەكو خۆی ماوەتەوە.
ئەم بازاڕە لە ساڵی (2004) دامەزراوە و لە ساڵی (2010) توانرا بە سیستەمی ئەلیكترۆنی ئاڵووێری پشكەكان بكات، تا ئێستاش (73) كۆمپانیا پشكەكانی خۆیان خستۆتە ئەم بازاڕەوە كە لە بوارەكانی بانكی و كشتوكاڵی و پیشەسازی و ئوتێلی و گەشتیاری و بیمە و وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریدا كاردەكەن.