بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، لە سەرەتای مانگی تەمموز تاوەكو رۆژی بەر لە جەژنی رەمەزان، لە گشت كوشتارگاكانی ئاژەڵی لە هەرێم زیاتر لە (82) هەزار سەر ئاژەڵی بچووكو نزیكەی (12) هەزار سەر رەشەوڵاخ، سەربڕاون، كە پشكی زۆری بەر هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دەكەوێت.
د. ئازاد خۆشناو پزیشكی ڤێتێرنەری ڕاوێژكار و بەرێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە لێدوانێكی دا بە (نها24)ی راگەیاندوە: لە سەرەتای مانگی تەمموز تاوەكو رۆژی بەر لە جەژنی رەمەزانی پیرۆز، كە بەشێكی زۆری سەربڕینەكە بەهۆی نزیكبوونەوەی جەژنی رەمەزانەوە دەكەوێتە ماوەی رۆژانی كۆتایی مانگی رەمەزان، لە گشت كوشتارگاكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (82) هەزار سەر ئاژەڵی بچووكو نزیكەی (12) هەزار سەر رەشەوڵاخ سەربڕاون.
د. ئازاد خۆشناو ئەوەشی راگەیاند: پارێزگای سلێمانی زۆرترین بڕی لەو سەربڕینانە بەركەوتووە، بەجۆرێك تەنها لە كوشتارگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە (47) هەزار سەر ئاژەڵی بچووك و زیاتر لە (6) هەزار سەر رەشەوڵاخ، سەربڕاوە و لەبازارەكانی ئەم پارێزگایەدا ساغ كراونەتەوە.
لە پارێزگای هەولێر نزیكەی (25 ) هەزار سەر ئاژەڵی بچووك و زیاتر لە (4) هەزار سەر رەشەوڵاخ سەربڕاوە.
لە پارێزگای دهۆكیش زیاتر لە ( 16) هەزار سەر ئاژەڵی بچووك و (3) هەزار سەر رەشەوڵاخ سەربڕاوە.
لە سنوری ئیدارەی گەرمیانیشدا نزیكەی (6) هەزار سەر ئاژەڵی بچووك و تەنها (400) سەر رەشەوڵاخ سەربڕاوە، بەم پێیەش پارێزگای سلێمانی زۆرترین بڕی گۆشتی سوری لە ماوی مانگێكدا مەسرەف كردووە.