عێراق رێگەیەكی دیكەی گواستنەوەی نه‌وت له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ توركیا دروستدەكات

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق داوا له‌ كۆمپانیا جیهانیه‌كان ده‌كات به‌شداری بكه‌ن بۆ راكێشانی به‌شێكی نوێی هێڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ توركیا بۆ سه‌ر به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست.
عاسم جیهاد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند: ئه‌و به‌شه‌ی بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك- جه‌یهان كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی روبه‌ڕوی كێشه‌ی هونه‌ری و ته‌قینه‌وه‌ ده‌بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت دروست بكه‌ن بۆ پاڵپشتی ئه‌و هێڵه‌ كۆنه‌ تا له‌كاتی گرفتدا په‌نای بۆ ببه‌ن.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وت ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ (9) كۆمپانیا له‌و (15) كۆمپانیا جیهانییه‌ی كه‌ بانگهێشته‌كه‌ی عێراقیان پێگه‌یشتوه‌ ده‌رخسته‌ی پرۆژه‌كه‌یان گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كرێت مانگی داهاتو ئه‌و كۆمپانیایه‌ ئاشكرا بكرێت كه‌ پرۆژه‌ی راكێشانی هێڵه‌ نه‌وتیه‌كه‌ی عێراقیان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی پێده‌درێت.