دوای ئەوەی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی دەست بەكاربوو بەڵێنی دا كاری جدی بۆ رووناكردنەوەی شەقام و رێگەوبانەكانی سلێمانی و شارۆچكەكانی بكات، لەئێستاشدا پارێزگار رایدەگەیەنێت زۆربەی پرۆژەكانی رووناككردنەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی سلێمانی جێ بەجێ كراوەو چەند پرۆژیەكی كەم ماوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا جێ بەجێ دەكرێن.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بە یاوەری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و بەرێوەبەری باخچەكانی سلێمانی و ژمارەیەك لە ئەندازیارانی ئەو فەرمانگانە، شەوی رابردوو بەشێوەیەكی مەیدانی چەند پرۆژەیەكی لەشاری سلێمانی بەسەركردەوە
لە بەسەركردنەوەكەیدا پارێزگار پرۆژەی سیانەی رووناكی دەروازەی عەربەت – سلێمانی بەسەركردەوە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانییەوە جێ بەجێ دەكرێت و بەشی زۆر كارەكانی تەواو بووە رووناكی ئەو شەقامە بەشێوەیەكی بەرچاو باش بوونی بەخۆیەوە دیووە
هەروەها پارێزگار پرۆژەی رووناككردنەوەی شەقامی سەد مەتری بازنەی مەلیك مەحمود- هەواری شاری بەسەركردەوە كە لەسەر بودجەی شارەوانی و بەسەرپەرەشتی بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی جێ بەجێ دەكرێت لە ئێستادا پرۆژەكە تەواو بووە
لەبەشێكی تری بەسەركردنەوەكەیدا پارێزگار پرۆژەی هێڵكاری و رەنگرێژكردنی رێگەی باخی بەختیاری –سەرچناری بەسەركردەوە كە لەلایەن كۆمپانیایەكی ئیسپانی و بە كوالێتی ئەوروپی بەسەرپەرەشتی هاتووچۆی سلێمانی جێ بەجێ دەكرێت.
پاشان پارێزگاری سلێمانی سەردانی ناو بازاری سلێمانی كردوو لە نزیكەوە لە بارودۆخی ئەمنی ناوبازار و ئامادەسازی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی پرسیەوەو هاوولاتیان تەئكیدیان لە ئارامی ناو بازارەكان و ئاسایی بەرێوەچوونی ئیش و كاریان كردەوە.
پارێزگار ی سلێمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند شەوانە لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكاندا بۆ ئاگادار بوون لە كێشەو كەموكوڕییەكان سەردانی ناو شار دەكەین و زۆرێك لەو پرۆژانە بەسەردەكەینەوە كە لەشەودا جێ بەجێ دەكرێن بە تایبەت پرۆژەكانی هێڵكاری شەقامەكان و رووناكردنەوە
پارێزگار وتیشی: بارودۆخی رووناكی سەر شەقامەكان زۆر باش بووەو زۆربەی پرۆژەكانی ئەو بوارە لەشارو شارۆچكەكانی سلێمانیدا تەواو بووەو چەند پرۆژەیەكی كەم ماوە كە ئەوانەش لەماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبن.
پارێزگار دەستخۆشی لە بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی كرد كە “بەهێمەتی ئەوان ئەو پرۆژانە جێ بەجێ كراون”