سەرجەم رووەكەكانی كوردستان، لە باخێكدا كۆ دەكرێنەوە

باخی رووەكی سروشتی كوردستان  لەسلێمانی دروست دەكرێت و نمونەی سەرجەم رووەكەكانی كوردستان لەو باخێكدا كۆ دەكرێنەوە، هاوكات كار بۆ بنیادنانی جین بانكی رووەكی كوردستان دەكرێت.
ئەمرۆ(5) تەموز بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی، لەگەڵ لیژنەی بونیادنانی باخی رووەكی سروشتی كوردستان كۆبووەو باسیان لە هەنگاوەكانی جێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەو پرۆژەیە كرد
لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكرا  لە ئێستادا بەهاوكاری چەند پسپۆرێكی نێودەوڵەتی  ئامادەكاری بۆ جێبەجێ‌ كردنی دیزانی باخی رووەكی سروشتی كوردستان  دەكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا راگەیەنرا باخی رووەكی سروشتی كوردستان لەسەر رووبەری 300 دۆنم زەوی لە نزیك هەواری شاری سلێمانی دروست دەكرێت و ئەو پرۆژەیە نزیكەی 16 باخچەی جۆراو جۆر لەخۆی دەگرێت و سەرجەم ئەو رووەك و گژوگیانەی لە كوردستان و دامێنی چیاكانی  زاگرۆس دەڕوێن تێیدا كۆدەكرێنەوەو  ئەو باخە جگەلەوەی وەك ناوەندێكی لێكۆڵنەوەی زانستی لە رووەكی كوردستان سودی لێ‌ وەردەگیرێت  هاوكات دەبێتە ناوەندێك بۆ داتاكردنی جێنەتیكی رووەكی كوردستان و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لەو رووەكانەدا
لەكۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی  رایگەیاند “دەبێت ئەو پرۆژەیە هەرچۆنێك بووە جێ‌ بەجێ‌ بكرێت”
وتیشی: رووەكی كوردستان بەشێكە لە سامانی نیشتیمانی و ناسنامەی كوردستان و دەبێت لێكۆڵنەوەی و توێژینەوە لەم بوارەدا فەرامۆش نەكرێت.
پارێزگار هەموو پشتیوانیەكی خۆشی بۆ ئەو پرۆژەیە دووپاتكردەوە
هەر لە كۆبوونەوەكەدا دكتۆر سامان عەبدول رەحمان پسپۆری جێنەتیكی رووەك داوای كرد پارێزگاری لە جێنەتیكی رووەكی كوردستان بكرێت و رێگە نەدرێت بازرگانەكان بە ئارەزووی خۆیان رووەك بهێنە كوردستان .
هەر وەك راشیگەیاند بەهاوكاری چەند زانكۆیەكی ئەوروپی و پسپۆرانی كورد پرۆژە هەیە بۆ  لێكۆڵنەوەی چڕو پڕ لەسەر رووەكی كوردستان و دروستكردنی  جین بانكی رووەكی كوردستان.
ئەو دكتۆرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لە لێكۆڵینەوەكانیدا لەسەر رووەكەكانی ناوچەی هەورامان چەندین جۆر رووەكی نوێی دۆزیوەتەوە كە ئا ئێستا  لەلایەن ناوەندە ئەكادیمییەكانەوە نەدۆزراونەتەوە