بەرپرسی ئۆفسیی هەولێری باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا، رایدەگەیەنێت لە ئایندەیەكی نزیكدا گەشتێك بۆ بازرگانان و سەرمایەدارانی ئیتاڵیا رێكدەخەن بۆ هەرێمی كوردستان و لەبەرنامەشیاندایە كارئاسانی بكەن بۆ پێدانی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، پارێزگاری سلێمانیش تەئكید دەكاتەوە دەرگاكانی وەبەرهێنان لەسەرجەم كەرتەكاندا كراوەیە بەرووی كۆمپانیاكانی ئیتاڵیادا.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لەدیوانی پارێزگا پێشوازیكرد لە كەرمێلۆ فیكاڕە بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری باڵیوزخانەی ئیتاڵیا لە عیراق.
لەدیدارێك پارێزگار و بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری باڵیوزخانەی ئیتاڵیا گفتوگۆیان كرد لەبارەی چۆنێتی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و كلتورییەكانی نێوان ئیتاڵیاو هەرێمی كوردستان و چونێتی بەشداری كۆمپانیا ئیتاڵییەكان لەپرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا.
لەدیدارەكە بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری باڵیوزخانەی ئیتاڵیا رایگەیاند چەندین پلان و بەرنامەیان هەیە بۆ گەشەپێدان و كارئاسانی كردن لەپەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا و لەرووەشەوە رایگەیاند: لە ئایندەدا كار دەكەن بۆ ئاسانكاری لە پێدانی ڤیزای ئیتاڵیا بە هاووڵاتیانی كوردستان. هاوكات وتیشی: لە ماوەیەكی نزیكدا گەشتێك بۆ بازرگانان و سەرمایەدارانی ئیتاڵیا رێكدەخەن بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی دووپاتی كردەوە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و سلێمانی زۆر ئارامە و بوارێكی گونجاو بۆ وەبەرهێنان و كاركردن رەخساوە
وتیشی: لە هەموو كەرتەكاندا دەرگاكراوەیە بەرووی كۆمپانیا ئیتاڵیاكاندا بۆ ئەوەی بێنە هەرێم و وەبەرهێنان بكەن.
پارێزگار داوای لە بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا كرد گرنگی تایبەتی بدەن بە ئاسانكاری پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێم و كردنەوەی هێڵكی راستەخۆی ئاسمانی لەنێوان فرۆكەخانەكانی هەرێم و ئیتاڵیا.
لە كۆتای دیدارەكەشدا تەئكید لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوو لا كرایەوە بەتایبەت لە چێككردنی ئەو كۆمپانیا ئیتاڵیانەی كە لەهەرێم پرۆژە وەردەگرن.