ئه‌مڕۆ بیمه‌ی‌ بێكاریی‌ سێ‌ مانگ بۆ ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگه‌كان خه‌رج دەكرێت

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرایكرد، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ بیمه‌ی‌ بێكاریی‌ سێ‌ مانگ بۆ ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگه‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ خه‌رج بكرێت. 
(دلێر تاریق) وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، ئه‌و ده‌رچوانه‌ی‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ بیمه‌ی‌ بێكارییان كردووه‌، له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ئیشوكاره‌كانیان ته‌واوبووه‌و له‌پارێزگای‌ دهۆك ده‌ستكراوه‌ به‌دابه‌شكردن، ئه‌مڕۆش له‌پارێزگاكانی‌ (هه‌ولێرو سلێمانی‌) ده‌ست ده‌كه‌ن به‌دابه‌شكردنی‌ ئه‌و بیمه‌یه‌ به‌سه‌ر ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگه‌كاندا.
وتیشی‌:”له‌پارێزگای‌ هه‌ولێر، چوار هه‌زار‌و (463) ده‌رچوو سودمه‌ند ده‌بن، له‌پارێزگای‌ سلێمانیش پێنج هه‌زار ده‌رچوو، له‌پارێزگای‌ دهۆكیش سێ‌ هه‌زارو (905) ده‌رچوو سودمه‌ند ده‌بن له‌وه‌رگرتنی‌ ئه‌و بیمه‌یه‌، كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ (150) هه‌زار دیناره‌، بڕیاریشه‌ بیمه‌ی‌ سێ‌ مانگیان به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بۆ خه‌رج بكرێت، كه‌ بڕی‌ (450) هه‌زار دیناره‌”.