ڕێگه‌یه‌ك بۆ بارهەڵگرەكانی مەرزی بازرگانی شۆشمێ‌ دروستده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستی‌ گرنگیدان به‌مه‌رزی‌ شۆشمێ‌‌و به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی‌ ئه‌و مه‌رزه‌، له‌ئێستادا ده‌ستكراوه‌ به‌لێدان‌و دروستكردنی‌ ڕێگه‌ی‌ نوێ‌‌و ستراتیژی‌ بۆ مه‌رزی‌ شۆشمێ‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ش ئاشكرایده‌كات، ئه‌و ڕێگه‌ نوێیه‌ ته‌نها بۆ ئۆتۆمبیله‌ بارهه‌ڵگره‌كانه‌.
(نوخشه‌ ناسیح) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌درێژه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ كه‌ بۆ مه‌رزی‌ بازرگانی‌ شۆشمێ‌ ئه‌نجامده‌ده‌رێن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بكرێته‌ مه‌رزێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ پارێزگاكان به‌بڕی‌ (100) ملیۆن دینار، ڕێگه‌یه‌كی‌ نوێ‌‌و ستراتیژی‌ بۆ مه‌رزی‌ شۆشمێ‌ دروستده‌كرێت.
وتیشی‌:”له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و ڕێگه‌وبانی‌ سلێمانییه‌وه‌، سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كردنی‌ ده‌رخسته‌یه‌كن بۆ چه‌وڕێژكردن‌و قیرتاوكردنی‌ ئه‌و ڕێگه‌ نوێیه‌، كه‌ به‌بڕی‌ ملیارێك‌و (500) ملیۆن دینار جێبه‌جێده‌كرێت”.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ بیاره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ئه‌و ڕێگه‌ نوێیه‌ی‌ كه‌ دروستی‌ ده‌كه‌ن، ته‌نها بۆ هاتوچۆی‌ ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان ده‌بێت‌و ڕێگه‌ كۆنه‌كه‌ش وه‌ك خۆی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئۆتۆمبێلی‌ هاوڵاتیان هاتوچۆی‌ پێداده‌كه‌ن، به‌ته‌واوبوونی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش گرنگییه‌كی‌ تایبه‌تی‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ مه‌رزی‌ شۆشمێ‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ بكرێته‌ مه‌رزێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، هاوشێوه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ له‌قه‌زای‌ پێنجوێن.