لە جەژندا فێستیڤاڵی هەولێر بۆ بەبازاڕكردن دەستپێدەكات

ئامادەكارییەكانی فێستیڤاڵی هەولێر بۆ بەبازاڕكردن لە قۆناغی كۆتاییدایەو بڕیارە سێیەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەست بە چالاكییەكانی بكات، كە ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت.
 
سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بەبازاڕكردن لە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم بە PUKmedia ی راگەیاندوە: لە قۆناغەكانی كۆتاییداین بۆ ئامادەكارییەكانی فێستیڤاڵی هەولێر بۆ بازاڕكردن و بڕیارە لە سێیەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا (واتە لە 10-8) دا دەست بە فێستیڤاڵەكە بكەین، كە ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت.
وتیشی: رۆژانە لیژنەكانمان لەسەر تەوەرەكانی فێستیڤاڵەكە كاردەكەن، چونكە هەشت بڕگەی سەرەكی لەخۆدەگرێت، چاوەڕوانی هاتنی جەژنی رەمەزانین بۆئەوەی بەڕەسمی فێستیڤاڵەكە بكەینەوە.
سیروان تۆفیق وتیشی: تائێستا 25 كچ ناوی خۆیان تۆماركردووە بەمەبەستی بەشداریكردن لە پێشبڕكێی شاجوانی هەرێمی كوردستاندا، پێدەچێت دوای مانگی رەمەزانیش ئەو ماوەیەی كە دەمێنێتەوە بۆ بەشداری كچان لەو پێشبڕكێیەدا ژمارەی بەشداربوون زیادبكات، چونكە دیاریكردنی شاجوانی كوردستان یەكێكە لە بڕگەكانی فێستیڤاڵەكە.
ساڵی رابردوو لە 29-6-2012 دا بۆ یەكەمجار پێشبڕكێی شاجوانی كوردستان وەك یەكێك لە بڕگەكانی فێستیڤاڵی (هەلا ئەربیل) بەڕێوەچوو، كە تیایدا (شێنێ عەزیز) بوو بە شاجوانی كوردستان.