عێراق،باج لەسەر هاوردەكردنی هەندێ‌ كاڵا زیاد دەكات

حكومەتی عیراق ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر زیادكردنی باجی گومرگی لەسەر هاوردەكردنی جلوبەرگی پیاوان‌و ماددەی نیشاستە‌و وەزیری دەوڵەتیش بۆ كاروباری پەرلەمان ئاشكرایدەكات: یاسای تاریفەی گومرگی بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو دەخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردۆتەوە: ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبونەوەیەكی ئاساییدا ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر زیادكردنی باجی گومرگی لەسەر جلوبەرگی پیاوان‌و  ماددەی نیشاستە، بۆ هەر پارچەیەكیش لە جلوبەرگی پیاوان  كە هاوردەی عیراق دەكرێت لەسەدا 15ی نرخەكەی وەردەگیرێت‌و بۆ هەر تەنێك نیشاستەی هاوردەكراویش لە سوریا‌و توركیا‌و سعودیەوە لەسەدا 20ی نرخەكەی وەكو گومرگ وەردەگیرێت. هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەسەر پێشنیازی وەزارەتی پیشەسازی‌و كانزاكانی عیراق ئەو بڕیارەی دەركردووە‌و ئامانج لێی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە لەبەردەم بەرهەمی هاوردەكراودا. هاوكات سەفائەدین سافی وەزیری دەوڵەت بۆ كاورباری پەرلەمان تەئكیدی كردۆتەوە: حكومەت بەشێوەیەكی تەدریجی‌و بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو دەستی بەجێبەجێكردنی یاسای تاریفەی گومرگی كردوە، چونكە جێبەجێكردنی یاساكە لە یەككاتدا دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی كاڵا‌و پێداویستیەكان بۆ ئاستێك كە لەگەڵ داهاتی هاووڵاتیاندا نەگونجێت.