دوو پسپۆڕی بواری دانانی هێڵی شەمەندەفەر رایدەگەیێنن بۆ ئەوەی كوردستان خۆی ببەستێتەوە بە جیهانی مۆدێرنەوە و ئابوورییەكەی پێشبخات، پێویستی بەوەیە هێڵی شەمەندەفەری هەبێت. بەقسەی ئەو پسپۆڕانە كوردستان لەو رێگەیەوە دەتوانێ بگاتە دەریا. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ ئەو پڕۆژەیە ئەوەندە گەورەیە پێویستە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێبكرێت، چونكە پارەی بودجە بەشی ناكات.
مایكڵ سایكبێس و تیم سیبیا، دوو پسپۆڕن لە كۆمپانیای FCPی بەریتانی. ئەو كۆمپانیایە كاری راوێژكارییە و تایبەتە بە دانانی سیستمی شەمەندەفەر و لە نایجیریا، كەنەدا، ئەڵمانیا، توركیا و چین لە بواری دانانی هێڵی شەمەندەفەردا كاریكردووە.
ئەو دوو پسپۆڕە رایدەگەیێنن كە بۆیە هاتوونەتە كوردستان تاوەكو ئاسانترین رێگە بدۆزنەوە بۆ دانانی هێڵی شەمەندەفەڕ، دەشیانەوێ بزانن رۆڵی ئەو هێڵە چی دەبێت و نەخشەی هێڵەكە چۆن دەبێت و كێش دەتوانێ بەڕێوەی ببات. ئەوان لەوبڕوایەدان كە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە جێبەجێبكرێت، دەكرێ ببێتە پڕۆژەیەكی هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت.
سەبارەت بە گرنگی دانانی هێڵی شەمەندەفەر بۆ كوردستان، مایكڵ سایبێكس روو لە كورد دەكات و دەڵێ “ئێوە پێویستیتان بە هێڵی شەمەندەفەری مۆدێرنە، بۆئەوەی ببنە سەنتەرێكی بازرگانی لە ناوچەكەدا و بچنە نێو بازاڕەكانی جیهانەوە. هەروەها بۆئەوەی بازرگانانتان بتوانن بەئاسانی كەلوپەل بهێننە كوردستان و رەوانەی دەرەوەشی بكەن. بەكورتی هێڵی شەمەندەفەڕ دەتانبەستێتەوە بە جیهان”.
مایكڵ پێیوایە ئەگەر پلانی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەڕ لە كوردستان بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵ دەخایێنێ تاوەكو تەواودەبێت. پێشیوایە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی ستراتیژیی لەوجۆرە لە كوردستان، بڕی 1 بۆ 2 ملیار دۆلاری پێویستە،ئەو دوو رێژەیەش کە ئاوا دوورن لەیەکەوە لەبەر ئەوەیە یەک کیلۆمەتر هێڵی شەمەندەفەر لە شوێنی شاخاویدا هەندێک جار دە ئەوەندەی تێچوونەکەی لە تەختانیدا تێدەچێت، بۆیە ئەوەش بەستراوەتەوە بە قەبارەی پڕۆژە و هێڵەكەوە.
تیم سیبیاش، كە بە رەگەز هیندییە، دەڵێ ئەگەر ئەو هێڵە دروستبكرێت، كوردستان دەبەستێتەوە بە وڵاتانی دراوسێی وەك: توركیا و ئێران و لەوێشەوە دەتوانێ بگاتە سەر دەریا “بۆئەوەی هەرێمی كوردستان پەرە بە سەرچاوەكانی بدات و ئابوورییەكەی پێشبخات، زۆر گرنگە هێڵی شەمەندەفەڕی هەبێت. چونكە ئێستا نرخی گواستنەوەی كەلوپەل لە كوردستانەوە بۆ وڵاتانی دیكە و بە پێچەوانەوە زۆر گرانە و دانانی ئەم هێڵەش، بەشێوەیەكی بەرچاو نرخی گواستنەوەی كەلوپەل هەرزان دەكات”.
ئەو دوو پسپۆڕە دەڵێن لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆبوونەتەوە و لەسەر ئەو پڕۆژەیە قسەیانكردووە. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش رایدەگەیێنێ كە بەردەوامە لەسەر قسەكردن لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیای تایبەت بەو بوارە، لەبەرئەوەی پڕۆژەكە زۆر گەورەیە و تەنیا بە یەك كۆمپانیا ئەنجامنادرێت.
سەلاح جەوهەر رەشید، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، رایگەیاند كە وەزارەتەكەیان لەمێژە پلانێكی هەرێمیی هەیە كە تایبەتە بە دانانی هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێدا، بەڵام تائێستا لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەك رێكنەكەوتووە و هەر بەردەوامە لەسەر قسەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی تایبەت بەو بوارە. تیم دەزانێ كوردستان ناوچەیەكی شاخاوییە. ئەو پێیوایە ئەوە كێشەیەكی ئەوتۆ بۆ پڕۆژەكە دروست ناكات “دەبێ زیرەك بیت لەوەی چۆن خۆت لەو شاخانە بپارێزی و هێڵی شەمەندەفەڕەكە بە دەوری ئەو شاخانەدا تێپەڕێنی”. ئەو پسپۆڕانە باسی لایەنێكی دیكەی گرنگیی دانانی هێڵی شەمەندەفەڕ لە كوردستان دەكەن و دەڵێن هەلی كاری نوێ بۆ هاووڵاتیانی كوردستان دەخوڵقێنێ، دەشڵێن بەهۆی ئەوەوە كە كوردستان دەوڵەمەندە بە سامانە سرووشتییەكان، ئەو شەمەندەنەفەڕانە دەتوانن ئەو سامانانەش بگوازنەوە بۆ دەرەوەی وڵات. “دەكرێ نەوتەكە بە شەمەندەفەڕ بگوازرێتەوە، بەڵام رێگەی بۆڕی هەرزانترە. هەروەها زۆر وڵات هەیە بە شەمەندەفەڕ ئەو سەرچاوە سرووشتییانە دەگوازێتەوە”، ئەمە قسەی مایكڵە. ئەو پسپۆڕانە دەڵێن ئەگەر پڕۆژەكە بكەوێتـە كار، سەرەتا شەمەندەفەڕەكان بە بەنزین كاردەكەن، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا بكرێنە كارەبایی.
بەهۆی گەورەیی پڕۆژەكەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێیوایە دەبێ لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە ئەنجامبدرێت. چونكە، وەك ئەو وەزارەتە دەڵێ بودجەی كوردستان بەشی پڕۆژەكە ناكات. سەڵاح جەوهەر لەوبارەوە دەڵێ “بەهۆی پێشكەوتنی باری ئابووریی كوردستان و هاتنی گەشتیاری بیانی و هەناردەكردنی كەلوپەلی خۆماڵی و هاوردەكردنی كاڵاكان، كوردستان پێویستی بە هێڵی شەمەندەفەڕە.
ئێمەش لەمێژە بیرمان لەو پلانە كردووەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پڕۆژەیەكی گەورەیە، پارەیەكی زۆری دەوێت و دەبێ لە دەرەوەی بودجەی هەرێمی كوردستانیشەوە بكرێت، ئەو بڕە پارەیەی بۆ پڕۆژەیەكی لەوجۆرە لە بودجەدا تەرخاندەكرێت بەشی ناكات و پێویستە لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە تەواوبكرێت”.
سەرچاوە : روداو