DNO : به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ یه‌كێك له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی تاوكی ده‌ستی‌ پێكرد

كۆمپانیای نه‌وت و غازی جیهانی DNO ، ده‌ستپێكی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌یه‌كێك له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی (تاوكی) له‌هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند، روونیشیكرده‌وه‌ به‌رهه‌می سه‌ره‌تایی 25 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ڕۆژێكدا.
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا (بیجان موزه‌فه‌ر ڕه‌حمانی) به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای (DNO) رایگه‌یاند: به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌یه‌كێك له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی (تاوكی) له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی‌ پێكردووه‌ و به‌رهه‌می سه‌ره‌تایی 25 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ڕۆژێكدا.
وتیشی‌: كاری داهاتوومان بریتی ده‌بێت له‌ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ بیره‌ نه‌وتی (تاوكی 20)، له‌گه‌ڵ مه‌زه‌نده‌كردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵكه‌ندن به‌شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وزه‌ی مه‌زه‌نده‌كراوی به‌رهه‌مهێنان.
جێی‌ باسه‌، كۆمپانیای (DNO) نه‌رویجی خاوه‌نی 55% ی پشكه‌كانی كێڵگه‌ی نه‌وتی (تاوكی) یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدا كۆمپانیای (جینێل ئینێرجی) خاوه‌نی 25% ی پشكه‌كانێتی و هه‌رێمی‌ كوردستانیش خاوه‌نی 20% ی پشكه‌كانێتی.