بەهاوئاهەنگی لەگەڵ بۆرسەی ئیمارات، هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی بازاڕی بۆرسە، بەرپرسی بۆرسەی ئیمارات دەڵێت: هەوڵدەدەین بۆرسەی كوردستان لەوەی دوبەی زیاتر پارەی تێدابێت، سەرۆكی بۆرسەی كوردستانیش دەڵێت: بەهۆی مەرجەكانەوە ژمارەیەكی كەم لە كۆمپانیاكانی كوردستان دەتوانن بەشداربن لە بازاڕی بۆرسەدا.
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحیم، سەرۆكی بۆرسە و دەستەی بازاڕی كوردستان بۆ دراوی كاغەز بە (رووداو)ی راگەیاند “دوای رەزامەندی حكومەت، بەمەبەستی دامەزراندنی بۆرسە لەهەرێمی كوردستان، چووینە ئیمارات بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتە”. هۆكاری ئەوەشی گێڕایەوە بۆ ئەوەی كە ئیمارات خاوەنی”چالاكترین بازاڕی بۆرسەیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. لە بازاڕی بۆرسەی دوبەی زیاد لە 60 كۆمپانیای گەورەی جیهانی بەشدارن.
هەفتەی رابردوو، سەرۆكی بۆرسە و دەستەی بازاڕی كوردستان بۆ دراو پرۆتۆكۆلێكی هاوئاهەنكی لەگەڵ سەرۆكی بۆرسەی ئیمارات واژۆ كرد.
شیلان خانەقا، نوێنەری بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیمارات كە لە واژۆكردنی گرێبەستەكەدا ئامادە بووە، رایگەیاند “بۆرسە و دەستەی بازاڕی دوبەی بۆ دراو هەماهەنگی و هاوكاری بۆرسەو بازاڕی كوردستان دەكات بۆ دانانی بازاڕی دراو و لەئایندەشدا دانانی بۆرسەی كوردستان لەسەر بنەمایەكی زانستی”.
بەگوتەی خانەقا “پڕۆتۆكۆلەكە بۆ ماوەی 3 ساڵ بەردەوام دەبێت و یەكێك لەبەندەكانی ئەوەیە كە ئەو فەرمانبەرانەی لە بۆرسە و بازاڕی كوردستان بۆ كاخەزی دارایی دادەمەزرێن لە میرنشینی دوبەی بۆ ماوەی 18 مانگ راهێنانیان پێدەكرێت”. گوتیشی “بەندێكی دیكەی ئەوەیە كە هاوكاری یەكتر بكرێت لە بواری تەكنەلۆژیا و هەماهەنگی لە گۆڕینەوەی ئەزموون بە ئامانجی پێشخستنی بۆرسەی كوردستان”.
بازاڕی بۆرسە بە بڕوای سەرۆكەكەی، دوای شەش مانگی دیكە دادەمەزرێت. سەبارەت بەوەی چۆن راهێنانەكان تاوەكو ساڵ و نیوێكی دیكە بەردەوام دەبێت، عەبدوڵڵا عەبدولڕەحیم گوتی “پێدەچێ لێرە راهێنانەكان بكرێت بەو مەرجەی ئامرازەكانمان وەك ئامرازەكانی ئەوان بێت، یان كادیری ئێمە بڕوات بۆ ئەوێ”. گوتیشی “رێككەوتنێكیشمان لەگەڵ بۆرسەی عێراق هەیە، بۆ راهێنانی كادیرەكانمان، چونكە كاری بۆرسە ئاسان نییە و پێویستی بەئەزموون هەیە”.