کۆمپانیای دانە گاز پێشەنگی كۆمپانیای گازی سروشتی كەرتی تایبەت و كۆمپانیای كرێسنت پترۆلیەم كۆنترین كۆمپانیای تایبەتی نەوت و گاز لە رۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدان ، رایانگەیاند: بە تەواوبوونی دووبارە بنیاتنانەوەی دامودەزگای هەڵگرتن و باركردنی گازی شل لە كارگەی گازی شلی خۆرمۆر، گازی شل لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێنن.
لە راگەیەنراوێکی کۆمپانیەکەدا کە وێنەیەکی بۆ پەیامنیر نێردراوە، هاتووە:” كۆی گشتی كەڵەكەبووی بەرهەمی نەوت لە هەرێمی كوردستان گەیشتووە بە 88 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوت، لەوەتەی دەستیان بە بەرهەمهێنان لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2008ەوە کردووە”.
.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانە کراوە و نووسراوە:” بەرهەمهێنانی ڕۆژانە گەیشتە لوتكە بە بڕی 88,000 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێكدا و بە تێكڕای 80,000 بەرمیل ، كە ئەمانە دەگرێتەخۆ: 340 ملیۆن پێ سێجا گاز رۆژانە و 15,000 بەرمیل گازی شلی چڕكراو رۆژانە و هەروەها پلانیش بۆ فراوانتركردنی ئاستی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان هەیە ، كە ئێستا لەژێر گفتوگۆ و تاوتوێكردندایە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا”.
سەرۆكی دەستەی كارگێڕی كرێسنت پترۆلیەم و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرانی دانە گاز، مەجید جەعفەر ، دەڵێت : “ئێمە شانازی بەخۆمانەوە دەكەین كە گەورەترین وەبەرهێن و بەرهەمهێنین لە بواری نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ، ئەمەش بڕوا و متمانە بە سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیشان دەدات” .
لە درێژەدا باس لە کۆی گشتی بەرهەمی کۆمپانیاکە کراوە کە بەم شێوەیە خەمڵێنراوە:” بە گشتی ، كۆی زیاتر لە 415 بلیۆن پێ سێجا لە گاز و 18 ملیۆن بەرمیل گازی چڕكراو و شلەكان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەرهەم هاتووە، لەگەڵ گەیاندنی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبای ناوخۆیی و بەرهەمهێنانی 1750 میگاوات ووزەی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان. ئەمەش بووەتە مایەی دابین كردنی وزەی كارەبای تاراددەیەك بەردەوام، بۆ 4 ملیۆن كەس لە هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەی قەیرانی كارەبا لە بەشەكانی تری عێراق”.
كارگەی گازی شلی خۆرمۆر ، توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 900 تەن لە گازی شلی لەڕۆژێكدا هەیە كە دووبارە فەراهەم كراوە بۆ هەرێمی كوردستان و بازاڕەكانی دەورووبەر و دەبێتە هۆی پێدانی گەشەسەندنێكی زیاتر بۆ داهاتی كۆمپانیاكان.