دادگایەكی شاری پاریسی پایتەحتی فەڕەنسا، كۆمپانیای نەوتی “تۆتاڵ”ی لە گەندەڵەتییەكی سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقدا بە بێتاوان زانی.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، دادگایەكی فەڕەنسا، بڕیاری بێ تاوانكردنی كۆمپانیای تۆتاڵ و كۆنە وەزیرێكی ئەو وڵاتەیدا کە دەگوترێت لە گەندەڵییەكی عێراق لە ساڵی 1996 دا دەستیان هەبووە.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەو كۆمپانیایە و نزیكەی دەیان كەسی دیكە تۆمەتبار كرابوون کە لە بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكانی نەوت بەرامبەر خۆراكی ساڵی 1996ی عێراقدا گەندەڵیان كردووە و بڕی 71 ملیار دۆلاری تایبەت بەو بەرنامەیەیان بەهەدەرداوە.
ئەو دادگایە رایگەیاند: هیچ بەڵگەیەك بۆ تاوانباركردنی کۆمپانیاکە لەبەردەست نییە کە دەستی لە بەفیڕۆدانی ئەو بڕە پارەیە لەچوارچێوەی بەرنامەیەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا هەبووبێت.
بەپێی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراکدا، لەنێوان ساڵانی 1996 بۆ 2003، عێراق نەوتەكەی بەرامبەر بە كڕینی خۆراك بۆ هاووڵاتیانی، هەناردەی دەرەوە كردووە.