رێکخراوێکی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان پشکنینێکی مەیدانی ئەنجامداوە و تیایدا دەرکەوتووە کە ساڵانە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ٢٠ ملیۆن دۆلار بە جگەرە دەسووتێنن.
رێکخراوی ژیانی تەندروستی راپرسییەکی ئەنجامداوە و لەو ڕاپرسییەدا دەرکەوتووە کە زۆرینەی ئەوانەی جگەرە دەکێشن لێیانروونە کە جگە ھۆکاری نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی خوێن و سییەکانە، بەڵام ناتوانن لێی دوو بکەونەوە.
بەشێکی دیکەی پشکنینەکەی رێکخراوی تەندروستی ژیان دەری خستووە یاسای قەدەغەکردنی جگەرە کێشان لە ھەرێمی کوردستان مرەکەبی سەرکاغەزی تێنەپەڕاندووە، ھەروەھا راپرسییەکیش لەبارەی رادەی جگەرە کێشان لەناو چین و تۆژەکانی ناو کۆمەڵگە خراوەتەڕوو.
قاسم عەزیز سەرۆکی رێکخراوی ژیانی تەندروستی وتی: بەپێی ئەو پشکنینە مەیدانییەی کە ڕێکخراوی ژیان لەسەرانسەری کوردستان کردوویەتی دەرکەوتووە کە ساڵانە ٢٠ ملیۆن دۆلاری ھاوڵاتیانی کوردستان بە ھۆی جگەرەوە لەناو دەچێت.
ھەروەھا دەرکەوتووە کە %٣٣ی گەنجان تەمەنیان لە ١٨ تا ٢٥ جگەرە کێشن و %١٨ی ئافرەتانمان جگەرە کێشن و %٣٢ی پزیشکانمان جگەرە کێشن و %٣ی زانایانی ئایینی جگەرە کێشن و %٣٥ی گەنجانمان نێرگەلە دەکێشن.
عەزیز روونیشیکردەوە کە حکومەتی ھەرێم نەیتوانیوە یاسای قەدەغەکردنی جگەرە کێشان لە شوێنە فەرمییەکان وەک پێویست جێبەجێبکات، بەڵام لە وڵاتێکی وەک تورکیای دراوسێمان لەساڵی ڕابردوودا بەھۆی ئەکتیڤکردنی یاسای جگەرەکێشان توانیویەتی ١٤ ملیار لیرەی تورکی بۆ بانکەکانی بگێڕێتەوە کە پێشتر بە ھەدەر دەدرا بەھۆی جگەرە کێشانەوە.