لەمساڵدا عێراق هیچ بودجەیەكی تەواوكاری نابێت

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەی رەتكردەوە بۆ ئەمساڵ بودجەی تەواوكارییان هەبێت و رایدەگەیەنێت: كەمبوونەوەی داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت لە شەش مانگی رابردوودا، كورتهێنانێكی دارایی راستەقینەی لە بودجەدا دروستكردووە.
لەوبارەیەوە حەیدەر عەبادی  سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: بەهۆی كەمی داهاتەكانی فرۆشی نەوتەوە پێشبینی دەكەن بۆ ئەمساڵ هیچ بودجەیەكی تەواوكاری بوونی نەبێت، وتیشی: بودجەی تەواوكاری ساڵی رابردووی عیراق بڕەكەی 10 ملیار دۆلاربوو، بەڵام پەرلەمان رەتیكردەوە و بڕیار درا بخرێتەسەر بوجەی گشتی ئەمساڵ. 
عەبادی ئەوەشی رەتكردەوە: بەهای دیناری عیراق لە ئاستێكی نزمدابێت و رایگەیاند: دیاریكەرەكانی گەشەی ئابووری دینار بەرزبوونەتەوە و پێشبینیشیكرد: لابردنی سفرەكانی سەر دینار بكەوێتە خولی نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە.