مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ فراوان ده‌كرێت

له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌بڕی‌ (40) ملیار دینار، مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ فراوان ده‌كرێت‌و هاوكات بینای‌ چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ مه‌رزه‌كه‌ش له‌ته‌واوبووندان.
(ڕۆسته‌م مه‌حمود) سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌بڕی‌ (40) ملیار دینار له‌ئێستادا ده‌ستكراوه‌ به‌فراوانكردنی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ‌و زه‌وییه‌كی‌ به‌رفراوانیش له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌رزه‌كه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ دروستكردنی‌ تێرمیناڵێكی‌ پێشكه‌وتوو بۆ وه‌ستاندنی‌ ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ كه‌مبكاته‌وه‌ له‌نێو مه‌رزه‌كه‌دا، به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ شوێنی‌ وه‌ستانی‌ ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان زۆرجار گرفت بۆ گه‌شتیاران‌و شۆفێره‌ بارهه‌ڵگره‌كان دروستده‌كات.
وتیشی‌:”له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ك بینای‌ فه‌رمانگه‌ی‌ مه‌رزه‌كه‌ له‌ته‌واوبووندان كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ بڕی‌ بودجه‌ی‌ پێویستیان بۆ ته‌رخانكراوه‌، له‌مانگی‌ داهاتووشدا ئه‌و بینایانه‌ كاریان تێداده‌كرێت، هاوكات ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاریداوه‌ به‌دروستكردنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ تر له‌بینای‌ پێویست بۆ ناو مه‌رزه‌كه‌”.
سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ باسی‌ له‌وه‌شكرد، به‌ته‌واوبوونی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ تاڕاده‌یه‌كی‌ باش مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ گۆڕانكاری‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ باشتریش كاروباری‌ گه‌شتیاران‌و هاوڵاتیان به‌ڕێده‌كرێت.