دادگایەکی تورکیا چوار بەرپرسی باڵای سوپای ئیسرائیلی دادگایی کرد کە بە کوشتنی چالاکڤانانی تورک تۆمەتبار کراون.
ئەمڕۆ سێ شەممە، لە شاری ئیستەمبۆڵی تورکیا، پڕۆسەی دادگایی کردنی چوار بەرپرسی سەربازی ئیسرائیل بەبێ ئامادەبوونی خۆیان دەستی پێکرد.
هەر یەک لە گاوریل ئەشکنازی، فەرماندەی پێشووی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل، ئاموس یادلین، فەرماندەی پێشووی هەواڵگری سوپا، ئاویشای لوی، فەرماندەی پێشووی هەواڵگری هێزی ئاسمانی و ئێلیزێر ماروم، فەرماندەی پێشووی هەواڵگری هێزی دەریایی ئیسرائیل بە رفاند، ئەشکەنجە و کوشتنی چالاکڤانانی تورک تۆمەتبار کراون.
داواکاری گشتی تورکیا داوای سزای زیندانی کردنی هەتاهەتایی بۆ ئەو 4 بەرپرسە سەربازییەی ئیسرائیل کردووە.
مانگی 5ی ساڵی رابردوو، هێزی دەریایی ئیسرائیل لە نزیک کەنارەکانی غەزە لە دەریای سپی، هێرشی کردە سەر پاپۆڕێکی تورکیا کە بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی ئابووری سەر کەرتی غەزە، یارمەتی دارایی و خۆراکی هێنابوو.
بە گوتەی بەرپرسانی تورکیا لەو هێرشەدا، چەندین چالاکڤانی مەدەنی تورکیا کوژران و بریندار بوون.
ئەو دادگایە بەشێوەی غیابی بەڕێوە چوو و تەنها لەکاتی سەردانکردنی ئەو 4 کەسە بۆ تورکیا، هێزەکانی پۆلیس و دادگاکانی ئەو وڵاتە دەتوانن دەستگیریان بکەن.
بڕیارە ئەو دادگایە 3 رۆژ بخایەنێت و بنەماڵەی قوربانیانی رووداوەکەش تێیدا شایەتی بدەن.
لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگایی کردنەکە، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەرانی تورک لە بەردەم دادگاکە ئامادەبوون و بە گوتنەوەی دروشم بە دژی ئیسرائیل، پاڵپشتیان لە بەڕێوە چوونی دادگاکە کرد.