زاوایه‌كی ره‌جه‌ب ته‌یب ئۆردۆغانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا ده‌گوێزێته‌وه، له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیایه‌كه‌وه كه نزیك لهئۆردۆغانهوه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاجیاوه ده‌ست رۆژنامه‌ی هاوڵاتی كه‌وتون.
كۆمپانیاكه ناوی “پاوهرتڕانس”ه، (Powertrans) ماوه‌ی دو ساڵ دامه‌زراوه، تائێستا چه‌ند وه‌جبه‌یه‌كی نه‌وتی كێڵگه‌كانی ته‌ق تهقو خۆرمۆری هه‌نارده‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا كردوه. له ماوه‌ی ئه‌م دوساڵه‌دا داهاتی كۆمپانیاكه دوسه‌د ئه‌وه‌نده زیادیكردوه.
دكتۆر ئایتون چرای (Aytun Ciray) په‌رله‌مانتاری پارتی كۆماری گه‌لی توركیا به رۆژنامه‌ی هاوڵاتی راگه‌یاند پاوهرتڕانس په‌یوه‌ندی نزیكی هه‌یه به سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا. هه‌روه‌ها ده‌زگایه‌كی فه‌ڕه‌نسی به‌ناوی ئینتێلێجنس ئۆنلاین كه تایبه‌ته به‌داتای هه‌واڵگریی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه “زاوای ئه‌ردوگان نه‌وتی كوردستان ده‌فرۆشێت”.
رۆژنامه‌ی ئینتێلێجنس ئۆنلاین (Intelligence Online) له‌بڵاوكراوه‌ی ژماره‌ی 691ی خۆیدا له (26 حوزه‌یران) ئاشكرایكردوه كه نه‌وتی كێڵگه‌ی ته‌ق تهقو خۆرمۆر له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌ك به‌ناوی “پاوهرتڕانس” هه‌نارده‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كرێت كه به‌شێكه له‌كۆمپانیای زه‌به‌لاحی “چاڵك هۆڵدینگ”ی (Calik Holding) توركیا.
ئینتێلێجنس ئۆنلاین ده‌ڵێت “پاوهرتڕانس هه‌روه‌ها یارمه‌تی به‌رپرسانی ناوچه‌ی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی سوكی خاو كه له كێڵگه‌ی خۆر مۆر له‌لایه‌ن كۆمپانیای كڕێسنت پیترۆلیۆمه‌وه به‌رهه‌مده‌هێنرێت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات”.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مانگی ته‌موزی 2012وه له‌ڕێگه‌ی تانكه‌ره‌وه، نه‌وتی كێڵگه نه‌وتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی توركیا ده‌كات ئه‌وه‌ش له‌ڕێی كۆمپانیای “پاوهرتڕانس”ه‌وه كه مۆڵه‌تی تایبه‌تی له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیا‌و هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێدراوه. به‌ڵام هه‌نارده‌كردنی ئه‌و نه‌وته به‌بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق.
به‌پێی ئاژانسی رۆیته‌رز، دو وه‌جبه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كورستان له تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردو و مانگی نیسان ئه‌مساڵ، له‌لایه‌ن كۆمپانیای “پاوهرتڕانس” فرۆشراون به‌چه‌ندین كۆمپانیای جیهانی له‌بواری كڕین‌و فرۆشی نه‌وت.
ئه‌گه‌رچی “پاوهرتڕانس” رۆڵێكی زۆر ستراتیژی ده‌بینێت له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و توركیا‌و كڕیارانی نه‌وتی هه‌رێم له‌بازاڕه جیهانییه‌كاندا، به‌ڵام زانیاری زۆر كه‌م هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م كۆمپانیایه.
سایتی ئه‌و كۆمپانیایه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی خاوه‌نه‌كانی ناكات‌و ته‌نیا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه “كۆمپانیاكه‌مان ساڵی 2011 دامه‌زراوه بۆ ئه‌وه‌ی كاری لۆجستیكیو كڕین‌و فرۆشی نه‌وتی خاو و بهرههمهكانیتری نه‌وت ئه‌نجامبدات له‌بازاڕه جیهانییه‌كاندا. نهوتو به‌رهه‌مه‌كانی له‌ڕوی ستراتیژییه‌وه زۆر گرنگن. به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتێكی وه‌ك توركیا كه به‌گشتی زۆربه‌ی پێداویستییه‌كانی له‌ده‌ره‌وه هه‌نارده ده‌كات”.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه، ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه‌یه كه نه‌وتی كوردستانیان له‌ڕێگه‌ی “پاوهرتڕانس”ه‌وه كڕیوه. ئه‌وانیش بریتین لهزهبهلاحترین كۆمیانیاكانی جیهان له‌بواری كڕین‌و فرۆشتنی نه‌وت له‌وانه؛ “ڤیتۆل”ی سویسی، “ترافیگۆرا”ی هۆلهندیو كۆمپانیای “لیتاسكۆ” له ژن‌و كه به‌شێكه له‌كۆمپانیای زه‌به‌لاحی “لوك ئۆیڵ”ی روسی.
رۆژنامه‌ی فه‌ڕه‌نسی (ئینتێلێجنس ئۆنلاین) كه ساڵی 1980 دامه‌زراوه‌و كاری هه‌ڵسه‌نگاندنی داتای ههواڵگرییو چاودێریی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵگریی وڵاتانی جیهان ده‌كات، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه “زاوای ئه‌ردوگان نه‌وتی كوردستان ده‌فرۆشێت”.
ئینتێلێجنس ئۆنلاین له‌بڵاوكراوه‌ی ژماره‌ی 691ی خۆیدا له (26 حوزه‌یران) ده‌ڵێت نه‌وتی كێڵگه‌ی ته‌ق تهقو خۆرمۆر له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌ك به‌ناوی “پاوهرتڕانس” هه‌نارده‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كرێت كه به‌شێكه له‌كۆمپانیای زه‌به‌لاحی “چاڵك هۆڵدینگ”ی توركیا.
به‌پێی سایتی كۆمپانیای چاڵك هۆڵدینگ، ئه‌و كۆمپانیایه له‌ساڵی 2007وه له‌لایه‌ن “بیرات ئه‌لبایراك” كه زاوای ئه‌ردوگانه به‌ڕێوه‌ده‌برێت. بیرات ئه‌لبایراك كه لهنیویورك ده‌رسی خویندوه له ته‌موزی 2004، له‌گه‌ڵ “ئه‌سرا” كچی گه‌وره‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ژیانی هاوسه‌ریی پێكهێناوه.
بیرات ئه‌لبایراك له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ “ئۆكسفۆرد بیزنس گروپ” له‌ساڵی 2009دا له‌سه‌ر به‌شداری چاڵیك هۆڵدینگ له‌پلانی ستراتیجیكی توركیا له‌دروستكردنی پاڵاوگهیهك له‌به‌نده‌ری جه‌یهان له 2005 ده‌ڵێت “پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ بو بۆ به‌نده‌ری جهیهانو بۆ هه‌مو ئابوری توركیا. ئه‌م به‌نده‌ره دواقۆناغی دو بۆری نه‌وته كه له‌عێراقه‌وه رادهكێشرێتو بۆرییهكیش كه به باكۆ-تیبلیسی-جه‌یهان ناسراوه …و له‌حاڵه‌تی باشبونی بارودۆخی عێراق، 50 ملیۆن ته‌ن نه‌وتی خاو له‌عێراقه‌وه هه‌نارده‌ی (پاڵاوگه‌ی) جه‌یهان ده‌كرێت”.
به‌گوێره‌ی ئینتێلێجنس ئۆنلاین ئێستاش كۆمپانیای “پاوهرتڕانس” خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی كڕیاره بۆ سێ وه‌جبه‌ی تری نه‌وتی كوردستان كه له‌به‌نده‌ری میرسینی توركیایه. گۆڤاری ئیكۆنۆمیست سه‌رۆكی گشتی ئه‌و كۆمپانیایه كه ناوی “ئه‌حمه‌د چاڵك”ه به “هاوڕێی نزیكی” ئه‌ردۆگان ناودهباتو سه‌روه‌تی ئه‌و كۆمپانیایه به زیاد له‌دو ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنێت.
ئه‌وه‌ی كه كۆمپانیایه‌كی نامۆ وه‌ك “پاوهرتڕانس” كه دو ساڵ پێش ئیستا دامه‌زراوه رۆڵێكی ئاوه‌ها گرنگی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حكومه‌تی توركیا‌و هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێدراوه، بوه به هۆی نیگه‌رانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا‌و به‌تایبه‌ت پارتی كۆماری گه‌لی توركیا.
دكتۆر ئایتون چرای یه‌كێك له‌په‌رله‌مانتارانی پارتی كۆماری گه‌لی توركیا به‌وردی به‌دواداچونی كردوه له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كانی توركیا‌و هه‌رێمی كوردستان‌و به‌تایبه‌ت پاوهرتڕانس.
دكتۆر ئایتون چرای له‌سه‌ر پرسی كۆمپانیای “پاوهرتڕانس” به‌هاوڵاتی رایگه‌یاند “به‌پشتبه‌ستن به‌تێڕوانینێكی بهرفراوانو ئه‌و زانیاریانه كه له سه‌رچاوه ئاگادرهكانی ئه‌و كه‌رته (نه‌وت) هه‌یه، پاوهرتڕانس لقێكی كۆمپانیایه‌كی به‌ناوبانگه كه په‌یوه‌ندی نزیكی هه‌یه به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا. هه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه به‌ناوبانگه داوای مۆڵه‌تی كردوه له‌به‌رپرسانی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی پاشكۆی ئه‌و بۆریه نه‌وتییه‌ی (كوردستان بۆ توركیا) دروستبكات”.
له‌لای خۆیه‌وه رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمزی له 30 ته‌موزی 2012 له بابه‌تێكدا به ناوی “دیپلۆماسی نه‌وتی توركیا له‌گه‌ڵ كوردانی عێراق” ئه‌و لێدوانه‌ی ئایتون چرای پشتڕاستكرده‌وه‌و ئاشكرایكرد كه چاڵك ئینرجی كه به‌شێكه له “چاڵك هۆَڵدینگ” داوای له‌حكومه‌تی توركیا كردوه كه مۆڵه‌تی پێبدات بۆ دروستكردنی بۆرییه‌كی نه‌وت له‌سه‌ر سنوری توركیا-عێراق بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان.
نهێنی كاری به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیای “پاوهرتڕانس” بوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه میدیاكانی توركیا ئه‌و پرسیاره بوروژێنن كه خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی كۆمپانیاكه كێیه. رۆژنامه‌ی بیرگون كه رۆژنامه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه له‌ڕاپۆرتێكی شیكاریدا له 7 شوباتی ئه‌مساڵدا به‌وردی باسی كۆمپانیای “پاوهرتڕانس” دهكاتو ده‌ڵێت “له‌گۆڤاری فه‌رمی تۆماركردنی ناوی كۆمپانیاكان له‌توركیا هاتوه كه كۆمپانیای پاوهرتڕانس له 31 مارسی 2011دا له سه‌نگافوره دامه‌زراوه‌و پاره‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ته‌نیا 50 هه‌زار لیره بوه (نزیكی 40 هه‌زار دۆلار)و به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌م دوساڵه‌دا داهاته‌كه‌ی دوسه‌د ئه‌وه‌نده زیادیكردوه. ئه‌و راپۆرته ئاماژه ده‌كات كه پاوهرتڕانس له سه‌نگافوره كه به شوێنی شاردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و كه‌می باج “ته‌كس هه‌یڤن(tax haven)” ناسراوه دامه‌زراوه‌و له‌لایه‌ن كه‌سێك به‌ناوی ئه‌حمه‌د موحاسل ئۆغلو به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دۆ كۆمپانیای سه‌نگافوری گراند فۆرچن ڤینچیرز (Grand Fortune Ventures) و لاكی ڤینچیرزوه (Lucky Ventures) دامه‌زراوه.
ئایتون چرای به‌هاوڵاتی راگه‌یاند كه ئه‌و كه‌سانه‌ی كۆمپانیاكان (سه‌نگافوره) به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن رهمزینو ئه‌وانه‌ی كه له‌پشته‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایه‌ن ده‌توانن به‌ئاسانی ئه‌و كه‌سانه لابده‌ن. به‌پێی یاسای ئه‌و شوێنانه‌ی كه به‌شاردنه‌وه‌ی سهروهتو كه‌می باج یان “ته‌كس هه‌یڤن” (tax haven)ناسراون هه‌ركسێك به‌مه‌رجێك خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته بێت كه به “ته‌كس هه‌یڤن” ناسراوه ده‌توانێت به‌رانبه‌ر به‌پاره‌یه‌ك ناوی خۆی وه‌ك نوێنه‌ری ره‌مزی كۆمپانیایه‌ك تۆمار بكات.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیا (18 حوزه‌یران) له كۆبونه‌وه‌ی مانگی پێشوی 8 وڵاتی گه‌وره‌ی ئابوری جیهان كه به “جی 8” ناسراوه و له‌باكوری ئیرله‌ندا به‌ڕێوه‌چو ئه‌و وڵاتانه رایانگه‌یاند كه له‌مه‌ودوا نهێنی ئه‌و شوێنانه كه به‌شوێنی شاردنه‌وه‌ی سهروهتو كه‌می باج “ته‌كس هه‌یڤن” ناسراون كه‌مبكه‌نه‌وه‌و ناوی راستی خاوه‌نی ئه‌م كۆمپانیانه كه تۆماركراون ئاشكرابكه‌ن.
ئایتون چرای په‌رله‌مانتاری پارتی كۆماری له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت “ئێمه گومانمان نیه له‌وه‌ی كه كێ پشكه زۆره‌كانی پاوهرتڕانس كۆنترۆڵده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه بابه‌تێكه كه له‌كاتی گونجاو‌دا له‌په‌رله‌مان ئاشكرایده‌كه‌ین”.
ئه‌و وه‌جبه‌ی نه‌وته‌ی كوردستان كه مانگی نیسان له‌لایه‌ن “پاوهرتڕانس”ه‌وه فرۆشرا به‌كۆمپانیای “سیلیكت ئینرجی” ئه‌ڵمانی، له‌لایه‌ن كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینرجی له‌كێڵگه‌ی ته‌ق ته‌ق به‌رهه‌مهێنرا.
گه‌نه‌ڵ ئینرجی كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی توركیه كه چه‌ندین كێڵگه‌ی نه‌وتی كوردستان پشكی هه‌یه‌و به‌وته‌ی په‌رله‌مانتار ئایتون چرای په‌یوه‌ندی نزیكی هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینرجی كۆمپانیایێكی نوێیه‌و زۆر پشكی كیڵگه نه‌وتیه‌كانی كوردستانی وه‌رگرتوه ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی گۆمانی لێبكرێت كه ئه‌و كۆمپانیایه له‌به‌ر لێهاتویی ته‌كنیكی خۆی ئه‌م پشكانه‌ی وه‌رنه‌گرتوه به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ریگرتون كه له ناوه‌ندی هه‌ریه‌كه له ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ریتانیاو توركیا و كوردستانه‌وه نزیكه.
به‌ڵام به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی بیرگونی توركیا ئه‌حمه‌د موحاسل ئۆغلو رۆژی 20ی كانونی دوه‌می 2012 كۆمپانیای “پاوهرتڕانس” بهجێدههێڵێتو دو كه‌س جێگه‌ی ده‌گرنه‌وه به‌ناوی ئه‌حمه‌د شادی گۆنگۆرو شه‌وكه‌ت ئه‌جار. ئه‌حمه‌د شادی گۆنگۆر ساڵی 2007 كاندیدی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانی ئه‌ردوگان بوه له‌هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌و ساڵه به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستنه‌هێناوه.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی هاوڵاتی