بەشی گرتنەوەی دەرمانی كیمیایی لەنەخۆشخانەی هیوا بەجۆرێك جێی مەترسییە كە ئەو كارمەندانەی لەو بەشە كاردەكەن هاوكارەكانیان لەو نەخۆشخانەیە بە “خۆبەخشەكان” ناویان دێنن، چونكە بەپێی قسەی شارەزایان، ئەگەری ئەوە هەیە لەچەند ساڵی داهاتوودا خۆیان دووچاری نەخۆشییە ترسناكەكە ببن.
شارەزایان دەڵێن ئەو شوێنەی دەرمانە كیمیاییەكانی تێدا تێكەڵدەكرێن و دەگیرێنەوە دەبێ كارمەندەكانی “جل و دەستكێش و دەمامكی تایبەتیان بۆ دابینبكرێ، هەروەها ئامێری فوتەیش كە تایبەتە بە گرتنەوەی دەرمان بۆ ئەوەی لەكاتی گرتنەوەیدا دەرمانەكە بەر پێست نەكەوێ و نەچێتە بۆڕی هەناسەوە، ئەو فوتەیە تەنانەت دەبێ ئەو هەوای كە دەیكاتە دەرەوەی پاك بكاتەوە”. بەڵام دكتۆر دانا عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی خوێن لەنەخۆشخانەی هیوا دەڵێ “بەداخەوە ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە ئەو پێداویستیانەی تێدا نییەو ئەو كەسانەی كاری تێدا دەكەن ئەگەری زۆرە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببن”.
ئەو ژوورەی كە دەرمانی كیمیایی لێدەگیرێتەوە، سەرباری بچووكییەكەی تەنیا لەڕێگەی دوو ساحیبە هەواكەی ئاڵوگۆڕ دەكات، بەبێ پاككردنەوە، ئەوەش مەترسی هەیە بۆ سەر دانیشتووانی دەوروبەری نەخۆشخانەكە و بەپێی لێكۆڵینەوەی پزیشكی لەماوەیەكی كەمدا ئەو خەڵكانە كە ئەو دەرمانە كیمیاییانە هەڵدەمژن، لەبەردەم مەترسی تووشبووندان بە شێرپەنجە. دكتۆر دانا عومەر، جگە لە مەترسی كاریگەرییەكانی ئەو شوێنە لەسەر كارمەندو دەوروبەرەكەی، لەوباوەڕەدایە دروستكردنی نەخۆشخانەكە لەو ناوچەیەدا “هەڵەبوو”، لەبەرئەوەی نەخۆشەكان دەرزی Etoposide، Actinomgcig یان بۆ بەكاردەهێنرێ كە دوو دەرزی ماددەی كیمیایی بەهێزن و ئەو كەسانەی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن نابێ تۆزو هەڵمەكەی بەسەریاندا بچێ و بچێتە بۆڕی هەناسەوە.
دكتۆرە باخان ئەنوەر، كە پێشتر كاری لەو بەشەكردووە بە (رووداو)ی گوت “ئەو جێگایەی ئەو دكتۆرانە دەرمانی كیمیاوی لێ ئامادە دەكەن هیچ ستانداردێكی تەندروستی نییە، ئەو كەلوپەلانەی بەكاریشیدێنن تەنیا بۆ ئەوەیە دڵخۆشی خۆیانی پێبدەنەوە، ئەگەرنا لەو مەترسییە نایانپارێزێ كە رەنگە بەهۆی كارەكەیانەوە تووشی ببن، ئەو دەرزیەی كە لەو بەشەدا ئامادە دەكرێت بۆ نەخۆشەكانی شێرپەنجە لەسەری نووسراوە نابێ بەر پێست بكەوێ و ناشبێ هەڵبمژرێت، بەڵام لە نەخۆشخانەی هیوا لەكاتی ئامادەكردنی بۆ نەخۆش هەم بەرپێست دەكەوێت و هەم هەڵمەكەی دەچێت بەسەر كارمەندەكان و تەنانەت هاووڵاتیانی دەرەوەشدا”.
دكتۆرێكی خۆبەخش كە ماوەی هەشت مانگە لەو بەشەدا كاردەكات، دەڵێ “هەموومان دەزانین گرتنەوەی ئەو دەرمانانە بەم پێداویستیانەی ئێستاوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەمان دەكات، بەڵام خۆ ناكرێ كەس لەو بەشەدا كار نەكات، ئێمە ژیانی خۆمان خستووەتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی نەخۆشەكان چارەسەر بكەین”، دكتۆر ئارام حەمە ساڵح وا دەڵێ.
هاووڵاتی نەخشین ساڵح كە ماڵەكەیان بەرامبەر نەخۆشخانەی هیوایە بۆ (رووداو) گوتی “ساڵی رابردوو لەم كۆڵانەی ئێمەدا ژنێك تووشی شێرپەنجە بوو و دوای چەند مانگێك مرد، ئێستا هیچ كەس ناوێرێ لەم گەڕەكە خانوو بكڕێت، لەبەر ئەو نەخۆشخانەیە، دەگوترێ بەهۆی فڕێدانی پاشەڕۆ و هەوای ئەو دەرمانە كیمیاویانەوە خەڵك تووشی شێرپەنجە دەبن”.
محەممەد ئیسماعیل، ماوەی چوار ساڵە ماڵیان لەو گەڕەكەیە و دەڵێ هیچ كەس خانوو لەم كۆڵانە ناكڕێ “دەترسێین هەموومان تووشی شێرپەنجە بین، چونكە چی هەوای پیسی ناو نەخۆشخانەكەیە بە ساحیبە فڕێدەدرێتە دەرەوە و ئێمەش رۆژانە هەڵیدەمژین”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا نكوڵی لەو كەموكوڕیانە ناكات كە لەبەشی گرتنەوەی دەرمانی كیمیاویی نەخۆشخانەكەیان هەیە و دەڵێ “بەڵام خۆناكرێ نەخۆشخانەكە دابخەین و نەخۆشەكان بمرن، ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین بەشێوەیەكی پێشكەوتوو پێداویستی ناو ئەو بەشە ئامادە بكەین، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێ هیچ كۆمپانیایەك بەدەستی ناكەوێ”.
سەرچاوە- روداو