ئه‌ردۆغان ئازادكردنی ئۆجه‌لان ره‌تده‌كاته‌وه‌ و باس له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان ده‌كات

پارتی ئاشتی و دیموكراتی داواده‌كات سزای زیندانیكردنی ئۆجه‌لان له‌ ژووی تاكه‌ كه‌سیه‌وه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌ری نێوماڵ بگۆڕدرێت، به‌ڵام ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ ده‌كات به‌ دووباره‌ كاركردنه‌وه‌ به‌ سزای له‌سێداره‌دان له‌ توركیا.
 
به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی توده‌یس زه‌مانی توركیا، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند پارله‌مانتارێكی به‌ده‌په‌ و چه‌ند ئه‌ندامێكی پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌ ئێستا له‌ زیندانه‌كانی توركیادا مانیان له‌ خواردن گرتووه‌، داوایانكردووه‌ سزای سه‌ر ئۆجه‌لان سوك بكرێت و له‌چوارچێوه‌ی ماڵێكدا ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێت، ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، ئه‌و داوایانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌ خه‌ڵكی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان سزای له‌سێداره‌دان جارێكی دیكه‌ كاری پێ بكرێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2002 ه‌وه‌ ئه‌و سزایه‌ له‌و وڵاته‌ هه‌ڵپه‌سێرراوه‌. 
ڤیدات بیلگین، مامۆستا له‌ زانكۆی غازی له‌ توركیا، پێیوایه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت له‌ هێنانه‌كایه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بینێرێت ئه‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدا به‌ده‌په‌ ده‌یه‌وێت ئۆجه‌لان بهێنێته‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانی سیاسی توركیا، ئه‌وا پێویسته‌ هه‌ستیارییه‌كانی خه‌ڵكی توركیا له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕه‌چاوبكه‌ن. 
به‌ڵام سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، نوێنه‌ری به‌ده‌په‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ پێویسته‌ سزای مه‌رگ هه‌رگیز له‌ ئه‌جێندای وڵاته‌كه‌یدا نه‌بێت.
ئۆجه‌لان له‌ 15 ی شوباتی 1999 دا له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ نایرۆبی پایته‌ختی كینیا ده‌ستگیركراو دواتر ڕه‌وانه‌ی توركیا كرایه‌وه‌ و به‌پێی ماده‌ی 125 ی یاسای سزادانی ئه‌و وڵاته‌ سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، به‌ڵام ساڵی 2002 سزاكه‌ی گۆڕدرا بۆ سزای زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی توركیا وه‌كو به‌شێك له‌ چاكسازییه‌كانی بۆ ئه‌ندامبوون له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا سزای له‌ سێداره‌دانی قه‌ده‌غه‌كرد.