قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕه‌كانی‌ بۆرسه‌ی عێراق له‌شه‌ش مانگدا زیاتر له‌ دوو ترلیۆن دینار بووه‌

بۆرسه‌ی عێراق ڕایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی 6 مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا مامه‌ڵه‌ به‌ زیاتر له‌ 2 ترلیۆن دینار كراوه‌، ئاشكراشیكرد كه‌ كۆمپانیایه‌كی نوێی كه‌رتی په‌یوه‌ندیی ناوی له‌ بۆرصه‌كه‌دا تۆماركراوه‌.
بۆرسه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ماوه‌ی ئه‌و 6 مانگه‌دا 611 ملیار و 282 ملیۆن پشكی به‌ به‌های 2 ترلیۆن و 456 ملیار دینار فرۆشتووه‌، وتیشی له‌و ماوه‌یه‌دا 69 كۆمپانیا له‌كۆی 73 كۆمپانیا كه‌ ناویان له‌ بۆرصه‌كه‌دا تۆماركراوه‌ مامه‌ڵه‌ی داراییان كردووه‌.
بۆرسه‌ی عێراق له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2004 دا دامه‌زرا و له‌سه‌ره‌تاشدا به‌ ده‌ست ئاڵوگۆڕی دارایی ده‌كرا، به‌ڵام له‌ مانگی نیسانی ساڵی 2009 دا سیستمی ئه‌لكترۆنی تیایدا په‌یڕه‌وكرا.
له‌ بۆرسه‌كه‌شدا 73 كۆمپانیا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ر به‌ 8 كه‌رتی وه‌ك پیشه‌سازی و هۆتێله‌كان و گه‌شتوگوزار و كشتوكاڵ و وه‌به‌رهێنان و دڵنیایی و په‌یوه‌ندییه‌كانه‌.