عێراق بەردەوامە لەپەرەپێدانی كێڵگە غازيیەكان

به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌ غازییه‌كانی عێراق‌و له‌قۆناغێكی نوێدا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق (10-12) كێڵگه‌ی غازی عێراق ده‌داته‌ كۆمپانیاكان.
(عه‌بدولمه‌هدی عه‌میدی) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی مۆڵه‌ت‌و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت له‌وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌ (سۆمه‌رییه‌ نیوز)ی ڕاگه‌یاند، وه‌زاره‌ت (10-12) كێڵگه‌ی غازی له‌عێراقدا دیاریكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌قۆناغی پێنجه‌مدا بیداته‌ كۆمپانیاكانی بواری به‌رهه‌مهێنانی غاز، وتیشی:”وه‌زاره‌ت گۆڕانكاریی له‌میكانیزمی گرێبه‌سته‌كاندا كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كێبڕكێی زیاتر له‌نێوان كۆمپانیاكاندا دروستبێت، له‌كاتی وه‌رگرتنی كێڵگه‌ غازییه‌كاندا”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی مۆڵه‌ت‌و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت له‌وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و كێڵگه‌ غازییانه‌ی له‌قۆناغی پێنجه‌مدا ده‌خرێنه‌ڕوو، ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی (خۆرئاوا، باكور‌و باشوری خۆرئاوای‌ عێراق).
له‌مانگی ئاداری ڕابردووشدا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق قۆناغی چواره‌می گرێبه‌سته‌ غازییه‌كانی بۆ (12) كێڵگه‌ی غازی ڕاگه‌یاند.