چەند سەرچاوەیەكی پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند، لێكۆڵینەوەكەی لێژنە هاوبەشەكەی عێراق و ئەمریكا لەبارەی پارەی بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرای كردووە كە ئێران و سووریا دەریاترین دوو لایەنن كە پارە لە بانكە ئەهلییەكانی وڵات بۆ دەرەوە ئاو دیو دەكەن.
ئەو سەرچاوانە ئاشكرایانكردووە بەپێی ناوەرۆكی لێكۆڵینەوەكەی دیوانی چاودێریی دارایی لەبارەی بەقاچاخبردنی دراوە قورسەكان بەتایبەت دۆلار بۆ سووریا و ئێران و راپۆرتێكی ئەمریكی كە گەیشتووەتە نووسینگەی سەرۆكی وەزیرانی عێراق، سینان شەبیب پارێزگاری بانكی ناوەند لەسەركار لادراوە و عەبدولباست توركی سەرۆكی لێژنەكەی چاودێریی دارایی بەوەكالەت لە جێگەی دانراوە.
سەرچاوەكان بەرۆژنامەی (شەرق)ی سعوودیان راگەیاندووە، هەردوو لێژنەی دەستپاكی و دارایی پەرلەمانی عێراق بەشدارییان لەو لێكۆڵینەوەیە كردووە بۆ دیاریكردنی رێژەی پارەی هەناردەكراو بۆ دەرەوە، بۆیان دەركەوت كە هەفتانە 800 ملیۆن دۆلار لە عێراق دەچێتە دەرەوە.
بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە دەركەوتووە لەو 800 ملیۆن دۆلارەی كە هەفتانە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرێ تەنیا 5 ـ 10%ی بەهای ئەو دۆلارەی كەلوپەلی لە جێگەی هاوردە دەكرێ، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەت و پێڕەوی كاری بانكی ناوەندە و زیانێكی گەورە بەبەهای دراوی نیشتمانی دەگەیێنێ.
شایەنی باشە بانكی ناوەندیی عێراقی بەبەشداریی بانكەكانی تر رۆژانە جگە لە رۆژانی پشوو بەشێوەی مەزاد مامەڵە كڕین و فرۆشتن بەدراوە بیانییەكان دەكا، مامەڵەكە یا بەشێوەی نەخت دەبێ یا لەسەر شێوازی حەواڵەی فرۆشراو.
راپۆرتەكە چەند بەڵگەیەكی خستووەتە روو لەبارەی شوتنەوەی پارە لە بانكە ئەهلییەكان و قۆستنەوەی مەزادەكانی بانكی ناوەند بۆ دوبارەی هەناردنە دەرەوە دراوی بیانی، تەوەرەیەكی تری راپۆرتەكە بریتییە لە راپۆرتێكی ستۆرات بۆین پشكێنەری گشتیی ئەمەریكی كە ئاشكرای كردووە هەفتانە نێزیكەی 800 ملیۆن دۆلار بەشێوەی نایاسایی ئاودیوی دەرەوەی عێراق دەكرێ.
ستۆرات بۆ پشتڕاستكردنەوەی راستی ناوەرۆكی راپۆرتەكەی ئاماژەی بە لێدوانێكی توركی سەرۆكی كاتی بانكی ناوەند دەكا كە رای گەیاندبوو هەفتانە نێزیكەی یەك ملیار دۆلار لە عێراق دەبردرێتە دەرەوە و 80%ی ئەو بڕە پارەیە بەبەڵگەنامەی ساختەوە ئاودیو دەكرێ و ئامانجی راستەقینەی بردنە دەرەوەی پارەكەی تێیدا دیار نییە.