كاریگەری ئابووریی چین، لەسەر جیهان

لەم مانگەدا كەرتی بازرگانی چین رۆژ لە دوای رۆژ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش هێمایە بۆئەوەی كە ئابووریی جیهان بەرەو سستی دەڕوات.
ئاستی هەناردەكردنی چین لەچاو ساڵی رابردوو بە رێژەی ٣.١% دابەزیوەو هاوردەكاری ئەو وڵاتەش بە رێژەی ٠.٧ % كەمیكردووە. 
ئەم دوو رێژەیە لە دوورترین پێشبینییەكان بوون، كە لەناوەندەكانی داتا و ئاماری چینەوە راگەیەنرابوو. چاوەڕوان دەكرێ بەهۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر ئاستی جیهان ئەو بێبازاڕییەی كە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، تا چەند هەفتەی داهاتووش هەر بەردەوام بێ. 
ژێنگ یوشنگ، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی چین رایگەیاند ” ئاستی هەناردەكاری لە پلەیەكی نزمدایە، لە نێوان ٢٠٠٠ كۆمپانیای هەناردەكار، كە ئێمە راپرسیمان كردووە، لە سەدا ٤٠ ی ئەو كۆمپانیانە رایانگەیاندووە لەبەرامبەر ساڵی رابردوو، خواستی دەرەكی بۆ شتوومەك و كەرەستەكان لەلایەن كۆمپانیاكانی دەرەكی كەمیكردووە. بەپێی ئەو راپرسییەی كە لە كۆتایی مانگی رابردوو كردوومانە، ٦٩.٢ لەسەدی ئەو كۆمپانیانە رایانگەیاندوو لەبەرامبەر ساڵی رابردوو ئۆردەری نوێیان كەمیكردووە.”
سستیی ئابووریی وڵاتی چین كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ئابووریی جیهان دادەنێت. كەمبوونەوەی خواستی چین بۆ كەلوپەل و مادە سەرەتاییەكان كاردانەوەی لەسەر ئابووریی وڵاتانی وەك بەرازیل و ئەرژەنتین و ئوسترالیا و باشووری ئاسیا داناوە. پێشتر بەهۆی كەمبوونەوەی خواستی چین، نرخی كەرەسە و كەلوپەلی وەك ئاسن و پۆڵا و مس دابەزیوە.