لە دابەزینی زێڕ، زێڕینگران قازانج دەكەن

بەشێك زێڕنگران دەڵێن سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ، بەڵام هیچ زەرەرێكیان نەكردووە، بەڵكو دەڵێن بەهۆی هەقدەستەوە قازانجی زیاتریان كردووە.
سەنگەر نەجات، زێڕینگر 4 مانگ لەمەوبەر مامەڵەی بە 6 كیلۆ زێڕەوە دەكرد كە نرخەكەی دەیكردە 300 هەزار دۆلار، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕ ئێستا ئەو 6 كیلۆ زێڕە 240 هەزار دۆلار دەكات، كەچی سەنگەر دەڵێت “سەرمایەكەم هەر وەك خۆی ماوەتەوە، ئەو زێڕەی بە هەرزان دەیفرۆشم، هەمان بڕە زێڕ دەكڕمەوە”. گوتیشی “بەهۆی زۆریی فرۆشەوە هەقدەستی زۆرم وەرگرتووە و قازانجێكی زۆرم كردووە”.
لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا بەهۆی ناجێگیری نرخی زێڕەوە لە بازاڕەكانی جیهاندا، نرخی ئەو كانزایە رۆژ بە رۆژ روو لە دابەزین دەكات، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیشدا بەهۆی كاریگەربوون بەو شەپۆلە دابەزینە، هاوتا لەگەڵ نرخی دۆلاری ئەمەریكی نرخی زێڕ بەردەوام روو لە دابەزینە .
بەپێی قسەی بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆریی خشڵ لەهەرێمی كوردستاندا، بەهۆی دابەزینی نرخ خواست لەسەر زێڕ زیادبووە و بەوەش هاوردەكردنی زێڕ دووقات بووە. بەكر عەزیز، ئاماری هاوردەكردنی زێڕی لەو ساڵەدا ئاشكرا كرد و گوتی “نرخی زێڕ لە مانگی نیسانی ئەمساڵ رووی لە دابەزین كردووە، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 16 تۆن و 425 كیلۆ زێڕ هاوردە كرابوو، بەڵام دوای دابەزینی نرخی زێڕ 33 تۆن و 168 كیلۆ زێڕ هاوردە كراوە”.
بەپێی ئەو ئامارە، ئەمساڵ تاوەكو ئێستا 50 تۆن زێڕ لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە هاوردە كراوە، كە نرخەكەی دەكاتە نزیكەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
هەرچەندە وا پێشبینی دەكرا بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕ لە ناكاو و بەشێوەیەكی بەرچاو زێڕنگران زیانێكی زۆر بكەن، بەڵام ئەوان دەڵێن قازانجیان كردووە نەك زیان، چونكە سەرمایەكەی ئەوان تەنیا زێڕە، هەر مسقالێك زێڕ بفرۆشن لەبەرامبەردا بە نرخی رۆژ دەیكڕنەوە. بەوەش سەرمایەی خۆیان پاراستووە.
سەنگەر نەجات گوتی “لەو كاتەی نرخی زێڕ رووی لە دابەزین كردووە، رۆژبەڕۆژ خواست لەسەر زێڕ زۆرتر دەبێ، ئەوەش وایكردووە لەو ماوەیەدا زۆرترین زێڕ بفرۆشین، بەو پێیەی قازانجی ئێمەی زێڕینگر تەنیا لە هەقدەستدایە، لەو ماوەیەدا قازانجێكی زۆرمان كرد”.
بەڵام ئەندامێكی سەندیكای زێڕینگرانی كوردستان دەڵێت لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زێڕینگران بەگشتی زەرەریان كردووە، شوان محەممەد، ئەندامی سەندیكای زێڕینگران لەوبارەیەوە گوتی “راستە بەشێكی زۆر لە زێڕینگران سەرمایەی خۆیان بە جێگیری هێشتووەتەوە، بەڵام تەواوی زێڕینگران زیانیان لێكەوتووە”. شوان محەممەد باسی ئەو زیانەی كرد و گوتی “لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هەر كیلۆ زێڕێك نرخەكەی 10 هەزار دۆلار دابەزیوە، واتە ئەگەر من 10 كیلۆ زێڕم هەبووبێت ئێستاش ئەو 10 كیلۆ زێڕەم ماوە، بەڵام 4 مانگ لەمەوبەر نرخی ئەم 10 كیلۆیە 500 هەزار دۆلار بوو، ئێستا نرخەكەی 400 هەزار دۆلارە”.
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا نرخی زێڕ ناجێگیری بەخۆیەوە بینی، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە 320 هەزار دینارەوە دابەزی بۆ 220 هەزار دینار، ئەمەش خواستێكی زۆری لەسەر زێڕ دروستكرد و وایكرد زێڕێكی زۆر هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت. ئەگەرچی نرخی زێڕ دابەزیوە و وەك شوان محەممەد باسیكرد تەواوی زێڕینگران زیانیان لێكەوتووە، بەڵام لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا 31 زێڕینگر مۆڵەتی زێڕینگریان دەرهێناوە لە كاتێكدا لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا كاتێك زێڕ نرخی بەرز بوو تەنیا 26 زێڕینگر مۆڵەتیان دەرهێنابوو. ئاماری تازەكردنەوەی مۆڵەتی زێڕینگرانیش لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا ئەوە دەردەخات كە زێڕینگران بەهۆی زیان لێكەوتنیانەوە دەستبەرداری پیشەكەیان نەبوونە، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆری خشڵ دەڵێت “لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا 391 مۆڵەتی زێڕینگری تازە كراوەتەوە، بەڵام ئەم رێژەیە لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا زیادی كردووە بۆ 647”.
 
روداو