سوودمەنترین وڵات لەقەیرانەكانی ناوچەی وڵاتانی عەرەبی توركیایەو بەو هۆیەوەش جموجۆڵی گەشتیاری لەو وڵاتە بواژنەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لەگۆڕینی ئاراستەی گەشتیاری خێزانە كەنداوییەكان بۆ بەسەربردنی پشووی هاوینەیان.
پێشتر گەشتیارانی كەنداو روویان لەسوریاو لوبنانو میسر دەكرد كەبەهۆیەوە ساڵانە ملیۆنەها دۆلاری وەك داهاتی گەشتیاری تۆمار دەكرد، بەڵام لەم چەند ساڵەی رابردوو بەهۆی روودانی شۆرشو راپەرینو بەهاری عەرەبی ئاستی قەبارەی گەشتیاری لە وڵاتە عەرەبیەكان دابەزینی بەخۆیەوە بینی .
جگە لەتوركیا هەریەك لەبریتانیاو فەرەنساش سوودمەند بوونە لەگۆرینی ئاراستەی گەشتیارانی كەنداو .
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ” العربیە”، شارە گەشتیارییەكانی توركیا پڕبوونە لەهەزاران گەشتیاری بیانی كە لە سەرانسەری جیهان روویان تێكردووە، بەتایبەت لە وڵاتە جیاوازەكانی كەنداو كەژمارەیان بەرزبوونەوەیەكی بێ وێنەی لەمساڵەدا تۆماركردووە.
پێدەچێت مانگی رەمەزان كاریگەری نەكردبێتە سەر بەرنامەی گەشتیارانی كەنداو، كەزۆربەی كارمەندانی كەرتی گەشتوگوزار باس لەوە دەكەن لەجەژنی رەمەزاندا گەشتیارانی وڵاتانی كەنداو روو لەوڵاتەكەیان دەكەنو ژمارەی ئەو گەشتیارانەش بەرزتر دەبێت.
بەڕێوەبەری تۆماری یەكێك لە میوانخانەكانی بەیرەم پاشای ناوەڕاستی ئەستەنبوڵ، ئاشكرای كردووە تۆماركردنو ناونووسكردنی 90% میوانخانەكانی ئەستەنبوڵ تەواو بوونەو هەندێك ل میوانخانەكانیش 100% ی ژوورەكانیان گیراون.
ئەو بەڕێوەبەرە جەختی لەوەشكردووە كە سەرجەم زنجیرە میوانخانەكانی بەیرەم پاشای ئەستەنبول گیراون و لە هەندێك شاری دیكەش جێگە نەماوە بۆ ئەوەی گەشتیاران رووی تێبكەن.
بەرپرسێكی توركی لەبارەی هاوكات بوونی مانگی رەمەزان لەگەڵ پشووەكانی هاوین،دەڵێ” ئەم هاوكات بوونە تایبەتمەندییەكی داوەتە ئەو گەشتیارانە بۆ ئەوەی سەردانی توركیا بكەن، بەتایبەت خێزانەكانی كەنداو كەئەو سێ ئاراستەی پێشوویان باشترین ناوچە بووە بۆ بەسەربردنی پشووی هاوینیان”.