هێشتا هیچیەك لە ملیۆنێرەكانی سلێمانی، نەیتوانیوە نێوبانگی سەرمایەدارانی ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی ئەو شارە لەبیر خەڵك بباتەوە، لە كاتێكدا بەهیچ شێوەیەك سەرمایەی عەلی كەمال و عەلی بۆسكانی و عەلی ناجی، بە سەرمایەی دەوڵەمەندەكانی ئەمڕۆ بەراورد ناكرێ.
ئەوانەی سەردەمی بەخشندەیی سەرمایەدارانی جارانی سلێمانییان بیردێ، میهرەبانی لە بازرگان و دەوڵەمەندەكانی ئێستا نابیننەوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوایە “ئەگەر نیوەی ملیۆنێرەكان لە گیرفانی خۆیان پڕۆژەیان بە سلێمانی ببەخشیایە، ئێستا كەموكوڕییەكانی شارەكە زۆر كەمتر دەبوو”، شێركۆ بێكەسی شاعیریش لەبارەی ئەم جۆرە ملیۆنێرانەی ئێستاوە كە خۆیان لێرەن و پارەكانیان لە بانكەكانی ئەوروپایە دەڵێ “ئەوانە سەرمایەداری بێوەفان”.
بە 20 ساڵ دوو قوتابخانە
بۆردی هەندێك لە خوێندنگەكانی سلێمانی، ناوی كەریمی عەلەكە و عەلی بۆسكانییان بە سەرەوەیە، ئەو ناوانە وەك مستەفا ساڵح كەریمی نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێ “بوونەتە رەمزی بەخشندەیی لە سلێمانی و لە بیری خەڵك ناچنەوە”، بەڵام لەدوای راپەڕین و كەوتنە سەرپشتی دەرگا گەورەكەی وەبەرهێنان و بازرگانی و دەوڵەمەند بوون، كەس نایەوێ پێ بخاتە ناو ئەو ئاوەوە كە ئەوان رشتیان.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی، دەڵێت “لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا لەناو شاری سلێمانی دوو خێرخواز لەسەر ئەركی خۆیان خوێندنگەیان دروستكردووە”.
كەمال نوری، هەروەها گوتی “زیاتر لە 100 بینای قوتابخانەمان پێویستە، جگە لە جەمالی حاجی عەلی و خێرخوازێكی دیكە، یەك كەس بینای خوێندنگەی لەناو شار دروستنەكردووە”.
ساڵی پار رێكخراوێكی نا حكومی، بانگهێشتی تەواوی وەبەرهێن و دەوڵەمەندەكانی سلێمانی كرد بۆ سیمینارێك، تا لەو رێگەیەوە هانیان بدات ئەوانیش پرۆژەی خزمەتگوزاری پێشكێش بكەن، كەمال نوری، كە زۆر دڵی بەو سیمینارە خۆش بووە دەڵێ “نەك پرۆژەیان ئەنجام نەدا، بەڵكو لەو هەموو وەبەرهێن و ملیۆنێرەی سلێمانی تەنیا 5 كەس هاتبوون بۆ سەمینارەكە”.
2 نەخۆشخانە و 55 مزگەوت
بەهەموو سەرمایەدارەكانی ئێستای سلێمانی، بەقەدەر (عەلی ناجی و عەلی كەمال) یان پێكراوە، هەریەك لە عەلی كەمال و عەلی ناجی كە دوو دەوڵەمەندی سلێمانی بوون، دوو نەخۆشخانەیان بۆ سلێمانی دروستكرد.
مستەفا بارام، بەڕێوەبەری جێبەجێكردنی پرۆژەكان لە فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، دەڵێت “سلێمانی ئێستاش پێویستی بە 5-7 بینای نەخۆشخانە هەیە، بەڵام بەداخەوە لە دوای راپەڕینەوە تەنیا دوو نەخۆشخانە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستكراون، ئەوانیش نەخۆشخانەی فایەقی حاجی عەلی و شەهید سەڵاحی موهەندیس”ن.
بەڵام دەوڵەمەندەكان، درێغییان لە دروستكردنی مزگەوت نەكردووە. ئاكۆ حەسەن، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی گوتی “لە دوای راپەڕینەوە لە ناوشاری سلێمانی 55 مزگەوت لەلایەن سەرمایەدارانەوە دروستكراون و 7ی دیكەش بەڕێوەن”. ئاكۆ گوتیشی “خێرخوازمان هەیە هەر خۆی زەوییەكەی كڕیوە و كردوویەتی بە مزگەوت”.
2580 ملیۆنێر و 5 ملیاردێر
بەپێی نوێترین ئاماری یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان كە دراوەتە (رووداو)، ژمارەی ئەوانەی سەرمایەكەیان لەسەرووی 5 ملیۆن دۆلارەوەیە لە سلێمانی، 2580 كەسن و ئەوانەش كە ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە 5 كەسن.
یاسین مەحموود رەشید، سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەڕێز دەڵێ هەندێك دەوڵەمەند لە سلێمانی هەن، سەروەت و سامانیان لە ملیۆن دۆلار تێپەڕیوە و یەك دینار لەدەستیان نابێتەوە بۆ ئەم شارە “ئەگەر ئەوانە بەمشێوەیە بمێننەوە، ئامادەم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن ناوی یەك بەیەكیان بڵاوبكەمەوە”. گوتیشی “حەیفە دوای كەریمی عەلەكە و عەلی كەمال، ئێمە ئاوابین بەرامبەر خەڵك”.
یاسین مەحموود رەشید، ژمارەی وەبەرهێنەرەكانی سلێمانی بە نزیكەی 1900 كەس مەزەندە دەكات و ژمارەی ئەوانەش كە خاوەن پێداویستی تایبەتن 50 هەزار كەسن و دەڵێ “ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات ملیۆنێرەكان و سەرمایەدارەكان، لاپەڕەیەكی رەش بۆ داهاتووی خۆیان تۆمار دەكەن و كەس قسەیەكی خێریان بۆ ناكات”.
یاسین مەحموود رەشید، بەپێویستی دەزانێ سەرمایەدارانی كوردیش وەكو سەرمایەدارانی كەنداو دەزگای خێرخوازی دابمەزرێنن “چونكە لەنێو هەرە دەوڵەمەندەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەڵكی كوردستان و خەڵكی سلێمانیش هەن و هیچیان لەوانەی كەنداو كەمتر نییە”.
سێ مەرجەكەی عەلی كەمال
لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا، كەسایەتی دیاری سلێمانی عەلی كەمال، جگە لەوەی نەخۆشخانە و مزگەوت و خوێندنگەی دروستكرد بۆ سلێمانی، لە رێگەی پێكهێنانی لیژنەیەكەوە كە پێكهاتبوون لە هەریەك لە جەمال عەبدول و جەمال بابان، هاوكاری دەنارد بۆ خوێندكارانی سلێمانی بە سێ مەرج “خەڵكی سلێمانی بێ، هەژار بێ، زیرەك بێ”.
جەمال عەبدول، كە كاتی خۆی بەڕێوەبەری قوتابخانە بووە لە سلێمانی و ماوەیەكیش پارێزگاری ئەو شارە بوو، دەڵێ “عەلی كەمال داوای ناوی خوێندكاری لێدەكردین بەو مەرجانە، ئێمەش پێمان دەدا و ئەویش مانگی 50 دیناری سویسری دەدایە هەر خوێندكارێك”.
شێركۆ بێكەس ئەوان بە “پیاوی گەورە و نیشتمانپەروەر” ناودەبات و دەڵێ “بۆ هەمیشە لە دڵی ئێمە و سلێمانیدا بەزیندوویی دەمێننەوە”، شێركۆ بێكەس لە هەندێك لە دەق و شاكارە شیعرییەكانیدا ناوی كەریمی عەلەكەی هێناوە، لە دواهەمین بەرهەمیشیدا (ئێستا كچێك نیشتمانمە) باسی كەریمی عەلەكە دەكات.
وەك شێركۆ بێكەس دەیگێڕێتەوە، كەریمی عەلەكەی بەئاین مەسیحی، باوكێكی میهرەبان بووە بۆ هەژارەكانی سلێمانی و دەڵێ “ئەوان لە دڵماندا زیندوون، ئێستا تەنیا فاروقی مەلا مستەفامان هەیە وەك ئەوان بیربكاتەوە، ئەو سەرمایەدارانەی پارەكانیان لە بانكەكانی ئەوروپا دادەنێن، بۆ سلێمانی بێوەفابوون”.
خێرخوازێك: ئەولەویەت لای من سلێمانییە
كەمال حەمە، ئاوا پێناسەی دەوڵەمەندەكانی ئێستای سلێمانی دەكات “دەڵێی لە شارێكدا بازرگانی دەكەن و دەوڵەمەند بوون كە تێیدا زیندانی كرابن”.
مستەفا ساڵح كەریم، نووسەر و رۆژنامەنووس باسی عەلی بۆسكانی دەكات و دەڵێت “قوتابخانەیەكی دروستكرد، لەسەر ئەركی خۆی كتێبی بۆ نووسەرانی سلێمانی چاپ دەكرد”، جەمال عەبدولیش دەڵێ “عەلی كەمال و ئەوان خاوەنی یەك ملیۆن دیناریش نەبوون، بەڵام شارەكەیان خۆشدەویست و دڵسۆز بوون بۆ خەڵكەكەی”.
یەكێك لەو قوتابخانانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لەسلێمانی دروستكراون، قوتابخانەی جەمالی حاجی عەلییە. ناوبراو یەكێكە لە بازرگانەكانی سلێمانی و قوتابخانەیەك و دوو مزگەوتی دروستكردووە و دەیەوێ لەماوەی داهاتوو بیر لەدروستكردنی خەڵوەتگەی پیری و قوتابخانەی دیكە بكاتەوە “سامانەكەم بۆ خزمەتی خەڵك و سلێمانی دەوێ، نامەوێ وەك دەوڵەمەندەكانی ئێستا هەر كۆیبكەمەوە، لای من سلێمانی ئەولەویەتە”.
پێویستە حكومەت باجیان لەسەر دابنێ
بە بڕوای كاوە عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی “دەبێ دەوڵەمەند و ملیۆنێرەكان خۆیان هەستبكەن و حكومەت پێویستی نەكات لەسەریان”، بەڵام یاسین مەحموود رەشید لەگەڵ ئەوەدایە “حكومەت باج بخاتە سەر ئەو وەبەرهێن و سەرمایەدارانەی پرۆژە لەسەر ئەركی خۆیان ئەنجام نادەن”.
كاوە عەبدوڵڵا، دەڵێ لە دووساڵی رابردوودا وەك ئەنجوومەن سەردانی هەندێك دەوڵەمەندی سلێمانیمان كرد و داوامان لێكردن پرۆژە ئەنجام بدەن “یەك دوانێكیان بەڵێنیان دا و گوتیان نەخشەمان بۆ بهێنن تا قوتابخانە دروست بكەین، نەخشەمان بۆ بردن و نەشیانكرد”.