گۆڤاری بیزنیس ویك ی ئەمریكی لەراپۆرتێكدا شیكاری بۆ كاریگەرییەكانی ئابوری لەسەر دوورخستنەوەی محەمەد مورسی سەرۆكی میسر كردووە و پێیوایە، ئابوری هۆكاری سەرەكی بووە لە نیگەرانبوونی خەڵك بەرامبەر بە دەسەڵاتی مورسی.
گۆڤاری بیزنس ویك راپۆرتەكەی بەناونیشانی “چۆن ئابوری لەماوەی ساڵێكدا مورسی رووخاند بڵاوكردووەتەوە و تێدا تەئكیدی لەوەكردووەتەوە كە لەماوەی ئەو ساڵەدا كە مورسی دەسەڵاتی میسری بەدەستەوە بووە، ئابوری ئەو وڵاتە هەرەسی هێنا.
گۆڤارەكە روونیكردووەتەوە، ئەو كەسانەی كە دەنگیان دا بەمورسی و ئومێدیان هەبوو ئابوری وڵاتەكە ببوژێنێتەوە، هەر ئەوان بوون كە بەهۆی خراپبوونی ئابوریەوە نیگەران بوون لە مورسی.
گۆڤاری بیزنس ویك لەگەڵ دانیشتوانی میسردا قسەی كردووە، ئەو كەسانەی كە قسەیان كردووە، پێیانوابووە ئیخوانموسلمین دەتوانێت ئابوری میسر پێشبخات.
لەسایتی موحیت ی عەرەبیشدا پرسیاركراوە لەسەر ئەوەی ئەگەر مورسی بگەڕێتەوە، ئابوری میسر چی بەسەردا دێت، هاوڵاتیان لەوەڵامدا وتویانە: مورسی رووبەڕووی كێشەی زۆری ئابوری بووەوە، بەڵام بۆ یەكەمجار توانی میسر بكاتە خاوەنی گەنم بەجۆرێك كە پێداویستی ناوخۆیی پڕبكاتەوە.
بەڵام جەلال جەوادی پسپۆڕی ئابوری پێیوایە، ئەگەر مورسی بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات، ئەوا ئابوری میسر هێندەی تر هەرەسدەهێنێت.