ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوەو وتەبێژی پێشووتری كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی هۆكارەكەی ئاشكرادەكات و داوای چارەسەركردنی كێشەكە دەكات.
نازم عبدالله وتەبێژی پێشووتری كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی ڕاگەیاند: هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی مریشك دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیداو گرانبوونی نرخی پێداویستیەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر بەتایبەت مریشك.
هەروەها ووتیشی: لەئێستادا خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە زەرەردان و بەو هۆیەوە نزیكەی 400 كڵێگە جوچكەیان تێنەكراوەو كاركردنیان ڕاگیراوەو پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر كێشەكە بێنەدەنگ و هاوكاری كێڵگە پەلەوەرییەكان بكەن تاوەكو نرخی مریشك زیاتر بەرزنەبێتەوە.
جێگەی باسە لە ئێستادا لە تەواوی شارەكانی هەرێمی كوردستان، نرخی یەك كیلۆ مریشكی زیندوو گەیشتۆتە نزیكەی چوار هەزار دینار، بەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ دروستكردوەو خواست لەسەر كڕینی گۆشتی مریشك كەمیكردووە، ئەوەش دەرەنجامی ئەو قەیرانە داراییە قورسەیە كە بەسەر هاوڵاتیان و فەرمانبەراندا سەپێنراوە.